رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەڵمەتێکی نوێی وازهێنان لە تووتن رادەگەیەنێت

رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەڵمەتی وازهێنان لە تووتن رادەگەیەنێت، تێیدا جەخت لە پاڵپشتیی رەفتاری و هۆشیارکردنەوەی دەروونی دەکرێت و چارەسەری دەرمانی بۆ وازهێنان لە تووتن بەکاردەهێنرێت.
 
رێکخراوەکە رایدەگەیەنێت، لەم هەڵمەتە هاریکاریی زیاتر لە 750 ملیۆن کەس دەکرێت کە دەیانەوێت لە بەکارهێنانی تووتن دووربکەونەوە.
 
د. تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، '' ئەمە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تووتن و لێکەوتە تەندروستییەکانیەتی، دەبێت بە گرنگییەکی زۆرەوە سەیر بکرێت''. 
 
بە گوێرەی WHO، لەکۆی ملیارێک و 250 ملیۆن بەکارهێنەری تووتن، 60٪ـیان ئارەزووی وازهێنانیان لە تووتن هەیە، بەڵام زۆرینەیان دەستیان بە خزمەتگوزارییە کاریگەرەکانی وازهێنان لە تووتن ناگات، ئەمەش بەهۆی ئەم بۆشاییەی لە سیستمی تەندروستی زۆرێک لە وڵاتاندا هەیە.
 
WHO چەند رێگەیەک بۆ وازهێنان لە تووتن پێشنیاز دەکات: 
- چارەسەری دەرمانی لەگەڵ پاڵپشتی رەفتاری رێژەی سەرکەوتنی وازهێنان لە تووتن زیاددەکات.
 
- بەکارهێنانی چارەسەری جێگرەوەی نیکۆتین، بوپرۆپیۆن و سیتیسین وەک چارەسەری کاریگەر بۆ وازهێنان لە تووتن.
 
- راوێژکاریی تاکەکەسی یاخود کۆمەڵ لە لایەن چاودێرانی تەندروستی بۆ باشترکردنی پاڵپشتیی رەفتاری.