د. بەختیار تاڵەبانی: منداڵی ئالوودەبوو بە مۆبایل هەست بە ئازار و زیانەکانی مۆبایلەکە ناکات

رووداو - تەندروستی 

بەشێکی منداڵان لە هەرێمی کوردستان ئالوودەی بەکارهێنانی مۆبایلن و مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت: مۆبایل بە شێوازێک دروستکراوە کە سەرنجی منداڵان رادەکێشێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 6ـی تەممووزی 2024 د. بەختیار کەمال تاڵەبانی، مامۆستای زانکۆ لە بوولتەنی کاژێر 14:00ـی رووداودا گوتی، بە زیاتر تێکەڵاوبوونی منداڵ لەگەڵ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، کەمتر ئاگای لە ئازارەکانی جەستەی و ناڕێکییەکانی خەوی دەبێت، بۆیە ئەگەر کاریشی تێبکات، ئەوا پێی نازانێت.
 
تەنانەت د. بەختیار تاڵەبانی روونی دەکاتەوە، ئەو منداڵانەی ئالوودەی مۆبایلن، هەستکردن بە ئازار و کاریگەرییە لاوەکییەکانی مۆبایلەکەیان لەسەر کەمدەبێتەوە، تاوەکو ئەوکاتەی کە بەهۆیەوە زیان بە شوێنێکی جەستەیان بگات بەتایبەت چاوەکانیان.
 
د. بەختیار تاڵەبانی دەڵێت: ''بەکارهێنانی مۆبایل بۆ هەندێک منداڵ زیانەکانی زۆر زیاترن لە سوودەکانی''، هەروەها دەشڵێت: ''قورسە ئێستا تەکنۆلۆژیا لە منداڵان دووربخەینەوە، بۆیە پێویستە بە زانستییانە رێنوێنیی منداڵ بکەین کە چۆن بەکاریان بهێنێت''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا تاڵەبانی پێشنیاز دەکات، دایک و باوکان خشتەی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و دابەشکردنی کاتەکان بەسەر رۆژەکەدا بۆ منداڵەکانیان دیاری بکەن و پێویستە دایک و باوک جۆرەکانی ڤیدیۆ و بەرهەمەکانی نێو ئینتەرنێت سنوورداربکەن بۆ منداڵەکانیان.