کۆشکی سپی: بایدن لەلایەن پزیشکەکەیەوە پشکنینی بۆ کراوە

رووداو - تەندروستی 

دوای دیبەیتە تایبەتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، جۆ بایدن لەلایەن پزیشکەکەیەوە پشکنینی بۆ کرا و کۆشکی سپیش ئەنجامی پشکنینەکە رادەگەیەنێت.
 
رۆژی هەیینی 5ـی تەممووزی 2024 کۆشپی سپی لە ئەنجامی پشکنینێک دا بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ''سەرۆک هیچ کێشەیەکی تەندروستیی جیدی نییە و ئەو پشکنینەکی کراوە تەنیا زارەکی بووە''.
 
ئەندریو بەیتس، گوتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمریکا دەڵێت: جۆ بایدن لەکاتی دیبەیتەکە هەندێک لە نیشانەکانی سەرمابوونی هەبوو، بۆیە دوای دیبەیتەکە پشکنینی بۆ کرا و چارەسەری وەرگرتووە، ''ئێستا بە تەواوی چاکبووەتەوە''.
 
سەرەڕای ئەوەی کە ئاژانسەکان رایدەگەیەنن، جۆ بایدن لە مانگی شوباتی ساڵی رابردووەوە هیچ پشکنینێکی جەستەیی بۆ نەکراوە، د. کەیڤن ئۆکۆنەر، پزیشکی تایبەتیی کۆشکی سپی دەڵێت: ''تەنیا پشکنینی زارەکی بۆ بایدن کراوە لەبارەی هەڵامەتەکەیەوە، جگە لەمە هیچ پشکنینێکی جەستەیی و دەروونیی بۆ نەکراوە و تەندروستیی باشە''.
 
لەبارەی پشکنینی دەروونی و هزریی بایدنی 81 ساڵان، کارین جان پیێر، سکرتێری میدیایی کۆشکی سپی دەڵێت: ''تیمی پزیشکیی بایدن گوتەیانە کە پێویست نییە''.
 
رابردووی تەندروستیی بایدن و دۆخی ئێستای
 
بە گوێرەی ئاژانسەکانی ئەمریکا، جۆ بایدن دوو نەشتەرگەریی تەقینی خوێنبەرەکانی مێشکی لە ساڵی 1988 بۆ کراوە و بە گوتەی د. سەنجای گوپتا، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی مێشک لە ئەمریکا، ئەو کەسانەی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییەیان بۆ دەکرێت دەشێت لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن دووچاری لەبیرچوونەوە و ناڕێکیی هزریی ببن.
 
دۆخی دەروونیی دۆناڵد ترەمپ
 
باوکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە تەمەنی 93 ساڵیدا بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر کۆچی دوایی کرد کە ئەمەش ئەوە دەردەخات، مێژووی لەبیرچوونەوە و ئەزەهایمەر لەنێو ماڵباتەکەیدا هەیە، هاوکات بەشێکی ئەمریکییەکان پێیان وایە، ترەمپی 78 ساڵان لەبیرچوونەوە و ناڕێکیی هزری هەیە.
 
لەم بارەیەوە د. سەنجای گوپتا، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی مێشک لە ئەمریکا دەڵێت، هەندێک کات ترەمپ هەمان ناڕێکییەکانی بایدنی هەبووە وەکو تێکەڵکردنی وشەکان و گوتنی ناوی بێمانا.
 
بەڵام د. بروس ئارۆنواڵد، سەرۆکی تیمی پزیشکانی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، ''ترەمپ هیچ کێشەیەکی هزری و دەروونی نییە و لە تاقیکردنەوەیەکی پشکنینی دا بە ناوی MoCA سەرکەوتوو بووە''، تەنانەت دەشڵێت: ''پشکنینەکانی نایاب بوون''.
 
بە گوێرەی راپرسییەکی کۆمپانیای توێژینەوەی ئەمریکیی YouGov، بەشێکی زۆری خەڵکی ئەمریکا پێیان وایە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا ''هیچ کێشەیەکی هزریی و دەروونی نییە بۆ ئەوەی وەکو سەرۆک خزمەتبکات''.
 
کلیک لێرە بکە بۆ بینینی ئەنجامی راپرسییەکە.