پسپۆڕێکی شێرپەنجە: گوشاری دەروونی هۆکارێکی فراوانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی مەمک رایدەگەیێنێت، بەساڵداچوون هۆکارێکی پێشەنگە بۆ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و پێویستە خانمان لە دوای 40 ساڵان، بایەخ بە پشکنینەکانی شێرپەنجەکە بدەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2024 د. سۆزان هۆشیار، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی مەمک بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی زۆری هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک دەکرێت پێشگیرییان لێبکرێن و خانمان ئەگەر کۆنتڕۆڵیان بکەن ئەوا بە رێژەیەکی زۆر پارێزراو دەبن.
 
بەپێی ئەو پسپۆڕە هۆکارە باوەکان ئەمانەن کە لە کەیسەکانی نێو نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دا تێبینیکراون؛
 
- تەمەن 
- رەگەز 
- بۆماوەیی
- درەنگ منداڵبوون
- بەرکەوتن بە تیشک وەکو تیشکی خۆر
- خواردنی خۆراکی ناتەندروست
- گوشاری دەروونی
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا 90٪ـی خانمان هۆشیارن لەبارەی شێرپەنجەکە و هەر کە هەستیان بە شتێکی نامۆ کرد، راستەوخۆ پەنا دەبەنە بەر پزیشک و پشکنینە تایبەتەکان.
 
لە کۆتاییشدا هۆشداری دەداتە خانمان لەوەی کە کۆنتڕۆڵی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێیان بکەن، چونکە دەڵێت: ''بەشێکی زۆری ئەوانەی کە شێرپەنجەی مەمکیان تووشبووە، خەمگین بوون و کارەساتیان بەسەرداهاتووە، یاخود بەشێکیشیان کێشەیان لەگەڵ هاوژینەکانیان هەبووە''، هەر بۆیە پسپۆڕەکە گوشاری دەروونی بە هۆیەکی باو بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە مەمک دادەنێت.
 
پشکنینی خۆیی مەمک چۆن ئەنجامدەدرێت؟ لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا ئەمە رووندەکرێتەوە؛