خانمێک نهێنیی کەمکردنەوەی 72 کیلۆگرام کێشی ئاشکرادەکات

رووداو - تەندروستی 

خانمێکی راهێنەری ئەمریکی نهێنییەکانی کەمکردنەوەی کێشی ئاشکرادەکات و دەڵێت: بە قوربانیدانێکی زۆر 72 کیلۆگرام و نیو کێشم دابەزاند و ''ئێستاش دڵخۆشم''.
 
ئەمبێر کلیمێنس، خانمێکی ئەمریکییە و ئێستا راهێنەرە لەبواری لەشجوانیدا، دەڵێت: ''لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکو 2020 توانیم 72.5 کیلۆگرام لە کێشم کەمبکەمەوە کە گۆڕینی شێوازی ژیان خاڵی سەرەکیم بوو''.
 
تەنانەت ئەمبێر کلیمێنس ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو شیرینییەکانی لە ژیانیدا دەرکردووە و هەمیشە رێژەی ئەو کالۆرییەی هەژمارکردووە کە لەڕێگەی خۆراکەکانەوە وەری دەگرێت.



ئێستا ئەو خانمە لە هۆڵێکی لەشجوانی راهێنەرە و خانمان فێردەکات کە بەبێ بەکارهێنانی دەرمان بتوانن کێشیان داببەزێنن.
 
ئەو خانمە ئەمریکییە چەند رێگەیەکی بۆ کەمکردنەوەی کێشی پەیڕەوکردووە وەکو؛
 
- نەخواردنی شەکر و شیرینییەکان
- خواردنی ژەمی بچووکی پێش ژەمەکان
- بایەخدان بە ژماردنی کالۆریی رۆژانەی کە لە خۆراکەکان وەری دەگرێت
- ئامادەکردنی هەموو ژەمەکانی لە ماڵەوە
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکی ئامادەکراو
- بە پێ رۆیشتن
- وەرزشی رۆژانە