WHO: لە غەززە هەڵمەتی دووەمی کوتان دژ بە ئیفلیجیی منداڵان دەستپێدەکات
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنیت، لە رۆژی 14 تاوەکو 29ـی مانگی تشرینی یەکەم، دووەمین هەڵمەتی کوتان دژ بە ئیفلیجیی منداڵان لە غەززە دەستپێدەکات.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، تیمەکان لە ئێستاوە ئامادەن بۆ ئەنجامدانی دووەمین هەڵمەتی کوتان، لە هەمان کاتدا منداڵەکان ژەمێک لە ڤیتامین Aـیان پێدەدرێت بۆ زیادکردنی بەرگری لەشیان.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخات، کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئەنجامدەدرێت بە مەبەستی راگرتنی شەڕ و پێکدادان لەو ناوچانەی هەڵمەتەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت.
بەگوێرەی WHO، لە هەڵمەتی یەکەمی کوتان نزیکەی 560 هەزار منداڵی خوار تەمەن دە ساڵ ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵانیان وەرگرت و ئامانجی هەڵمەتی دووەمیش کوتانی 590 هەزار منداڵی دیکەیە.