یەکەم تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە ئوردن تۆمارکرا

رووداو - تەندروستی

تەندروستیی ئوردن یەکەم تووشبووی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون'ـی لەمساڵدا پشتڕاستکردەوە، ''تووشبووەکە بیانییەکی دانیشتووی وڵاتەکەیە''.
 
کۆتاییەکانی رۆژی دووشەممە 2ـی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی تەندروستیی ئوردن یەکەم تووشبووی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموونی راگەیاند و دەڵێت: پیاوێکی 33 ساڵانە و نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەتایبەت پەڵەی پێستی لێدەرکەوتووە و بە پشکنین دەرکەوتووە کە ڤایرۆسەکەی هەیە.
 
بەپێی وەزارەتەکە، پیاوە تووشبووەکە بیانییە و دانیشتووی وڵاتەکەیە، بەڵام نەتەوەکەی ئاشکرا نەکراوە.
 
هاوکات ئەمە یەکەم تووشبووی نەخۆشییەکەیە کە لەمساڵدا لە ئوردن تۆماربکرێت، هەرچەندە بەپێی ئامارەکان، ساڵی 2022 تووشبوویەک تۆمارکراوە.
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەفریقا رایگەیاند، نزیکەی 23 هەزار تووشبوو و 622 حاڵەتی گیانلەدەستدان بە 'ئاوڵەی مەیموون' تۆمارکراون.
 
تەنانەت لە هەرێمی دیمۆکراتی کۆنگۆ زیاتر لە 18 هەزار تووشبوو و 629 حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون تۆمارکراون.

بۆ خوێندنەوە و ئاگاداربوون لە سەرجەم هەواڵە نوێ و پاشهاتەکانی پەیوەندیدار بە ئاوڵەی مەیموون، کلیک لێرە بکە.