لە دهۆک کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە بەڕێوەدەچێت
رووداو - تەندروستی
لە دهۆک کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە بەڕێوەچوو و باسی چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە هۆ، ئامار و پێشگیرییەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە کران، پسپۆڕانیش جەختیان لە زوو دەستنیشانکردن و پشکنین بۆ شێرپەنجە کردەوە.
رۆژی شەممە 4-2-2023 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە، بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی پسپۆر و بەرپرس لە تەندروستیی هەرێمی کوردستان و پسپۆڕانی شێرپەنجە کۆنفرانسێکی فراوان بەڕێوەچوو، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەبەستی سەرەکیی لە دانانی رۆژە جیهانییەکان زیادکردنی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتییانە لەبارەی خۆپاراستن و مامەڵەکردن لەگەڵ شێرپەنجە.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "جگە لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان، رۆژی جیهانیی شێرپەنجە هۆکارێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی بڕیاربەدەستان و بەرپرسان لە ئاستی جیهان، چونکە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی جیهان لە رووی ستراتیژیی مامەڵەکردن و پێشگیریکردن لەگەڵ شێرپەنجە.''
بە گوتەی دکتۆر سامان، کۆمەڵێک جیاوازی وادەکات شێرپەنجە لە نەخۆشییەکانی دیکە جیابکرێتەوە و بە جیدی کاری لەسەربکرێت؛ وەکو جیاوازی لە شوێنی تووشبوون، قۆناخەکان و جیاوازی لە چارەسەر و رێگەکانی شێرپەنجە، هەروەها ناڕوونیی هۆکار و کاریگەرییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە بە هۆکارێکی جیاوازی شێرپەنجەش دادەنێت.
لە بارەی رۆڵی هاووڵاتییانەوە وەزیری تەندروستی رێنوێنی هاووڵاتییان دەکات کە رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێبکەن و شێوازی ژیانیان تەندروستتر و باشتربکەن، هەروەها دەڵێت: ''لەکاتی هەستکردن بە هەر نیشانەیەکی نامۆ لە جەستەدا پێویستە راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.''
لە بارەی کێشەی نەبوون و کەمیی دەرمان دکتۆر سامان بەرزنجی روونیکردەوە، دەرمانەکان بەڕێژەیەکی کەم دەگەنە هەرێمی کوردستان کە 10٪ـی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شێرپەنجە پڕدەکاتەوە. هاوکات رایگەیاند، دەبێت رەچاوی ژمارەی ئاوارە و هاووڵاتییانی خوارووی عێراقیش بکرێت کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر دێنە هەرێمی کوردستان.
دکتۆر ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک گوتی: ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان زیادبووە، حکومەت بەهای 3.6 ملیار دیناری بۆ دەرمان تەرخان کردووە، لەکاتێکدا 1.7 ملیار دیناریش لەلایەن سندووقی شێرپەنجەوە لە دهۆک دابینکراوە. هەروەها رایدەگەیێنێت، لە پلانیاندایە نەخۆشخانەیەکی 100 تەختی تایبەت بە شێرپەنجە دروست بکەن.
دکتۆر چەکدار ئەحمەد، بەرپرسی بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پار لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە هەزار و 430 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون و بەراورد بە ساڵانی2020 و 2021 زۆرترین ژمارەی تووشبوون لە پارێزگاکە تۆمارکراوە.''
بە گوتەی دکتۆر چەکدار ئەحمەد، 'پیسبوونی کەشوهەوا، پیسبوونی ئاو و خۆراک، خۆراکی ناتەندروست، کەمیی چالاکیی جەستەیی و کێشانی جگەرە و نێرگەلە' هۆکارن بۆ زیادکردنی مەترسیی تووشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە.