پسپۆڕێک: بودجەیەکی تایبەت بۆ توێژینەوە لەسەر تووشبووانی شێرپەنجە تەرخان بکرێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت: ئێستا پێویستیان بە توێژینەوە هەیە لەسەر نەخۆشانی شێرپەنجەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بودجەیان لەبەردەستدا نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3-12-2024 د. سارا جەمیل، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا کە یەکێک بووە لە بەشداربووانی پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی ساڵانەی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، جەخت لە بەکارهێنانی دەرمانە نوێیەکانی شێرپەنجە کرا بەتایبەت چارەسەرییەکانی بەهێزکردنی بەرگریی جەستە.
د. سارا جەمیل، پسپۆڕی شێرپەنجە دەڵێت: ئێستا پسپۆڕان بایەخ بەوە دەدەن کە بە پشکنینی جینات جۆری دەرمانی دیاریکراو و کاریگەر بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دەستنیشان بکەن.
ئەو پسپۆڕە داوادەکات، بودجەیەکی تایبەت بە توێژینەوە لەسەر شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تەرخانبکرێت، بۆ ئەوەی لە هۆکارەکان و رێژەی نەخۆشییەکە بکۆڵنەوە، تاوەکو بتوانن رێگەچارەی دروست و مامەڵەی باشتر لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بکرێت.
کۆنفرانسەکە پوختەی دەرخستەکانی کۆمەڵەی ئەورووپییە بۆ نەخۆشیەکانی شێرپەنجە؛ لە رۆژانی 28 و 29ـی تشرینی دووەم لە بەسرە بە ئامادەبوونی زیاتر لە 300 پسپۆڕی جیاواز لە بوارەکانی شێرپەنجە بەڕێوەچوو.