نوێنەرێکی خۆبەخشانی تەندروستی: 12 ساڵە بە خۆڕایی خزمەت دەکەین و هیچمان بۆ نەکراوە
رووداو - تەندروستی
نوێنەرێکی کارمەندە خۆبەخشەکانی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج ناکرێت و هەموو شتێک لەسەر خۆیانە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3-12-2024 جەوهەر عەلی، نوێنەری بەشێک لە کارمەندە خۆبەخشەکانی کەرتی تەندروستی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال دا گوتی، دوای ساڵی 2012 کاتێک دامەزراندن وەستا، خۆبەخشان دەستیان کردووە بە دەوام و بەشێکیان 12 ساڵە هەر بە خۆبەخشی ماونەتەوە.
جەوهەر عەلی دەڵێت، جگە لەو هەموو ساڵە خزمەتە، هیچ گوێیان لێناگیرێت و کێشەکانیان هەر بەردەوامن.
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی خۆبەخشان، 11 هەزار خۆبەخشی تەندروستی هەن و هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرخ نەکراوە و خەرجیی هاتووچۆ و خۆراکیشیان لەسەر خۆیانە.