زانکۆی رۆچێستەر لە نیویۆرک: شیری دایک سیستمی بەرگری کۆرپە بەهێزدەکات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی رۆچێستەر لە نیویۆرک ئاماژە بەوەدەکات، ئەو دژەتەنانەی لە شیری دایکدا دەگوازرێنەوە بۆ کۆرپە سیستمی بەرگریی کۆرپەکە بەهێزدەکەن. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، شیری دایک ئاستی بەرزی دژەتەنی سیستمی بەرگریی IgA و IgGـی تێدایە، ئەمەش توانای کۆرپە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەندین جۆری ڤایرۆسە جیاوازەکان بەرزدەکاتەوە. 
 
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، ئەو دایکانەی کێشیان زیادە یاخود قەلەون، ئاستی دژەتەن لە شیریان کەمترە بەراورد بە خانمانی کێشڕێک. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، بۆ نەوەیەکی سەلامەت و تەندروستتر پێویستە هەر منداڵێک تاوەکو تەمەنی شەش مانگی تەنیا شیری دایک بخوات و هیچ شیرێکی قوتوو و خۆراکێکی دیکەی نەدرێتێ، جگە لە هەندێک دۆخی تایبەت بە تەندروستیی دایک و منداڵەکە.