زانکۆی ئۆهایۆ: کێشانی جگەرە و ڤەیپ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان زیاددەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆهایۆ لە ئەمریکا دەریدەخات، جگەرەکێشان و بەکارهێنانی ڤەیپ لە هەمان کاتدا، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە.
ئەم توێژینەوە بە بەشداری پێنج هەزار کەس ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، بەکارهێنانی جگەرە و ڤەیپ بەیەکەوە زۆر مەترسیدارترە لە بەکارهێنانی یەکێکیان بەتەنیا، ئەوانەی بەکارهێنەری هەردووکیانن ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سییەکان بەڕێژەی 8٪ زیاترە.
د. ماریسا بوتۆنی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایدەگەیێنێت، دەبێت خەڵک ئاگاداربێت کە ڤەیپ بە هەمان شێوەی جگەرە مادە کیمیاییە شێرپەنجەییەکانی تێدایە.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کێشانی جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە، تەمەنی بەکارهێنانی تووتن سنوورداربکرێت، قەدەخەی کڕین و فرۆشتنی ڤەیپ بکرێت و کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی دژی کێشانی جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە بکرێت.
بە پێی ئامرێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە هەشت ملیۆن کەس بەهۆی بەکارهێنانی تووتن لە جیهاندا گیانلەدەستدەدەن.