دکتۆر کامەران قەرەداخی: پاراستنی ژینگە واتە پاراستنی بۆری هەوا و سییەکان

رووداو - تەندروستی 

دکتۆر کامەران قەرەداخی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی مێدیکاڵ کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''کۆرۆنا ماوە، بەڵام خەڵکێکی زۆر بەرگرییان پەیداکردووە، هاوکات رێژەی تووشبوون زۆرە و گیانلەدەستدانیش زۆر کەمبووەتەوە.
 
دکتۆر کامەران قەرەداخی، پسپۆڕی سینگ و بۆری هەوا لە بارەی پەتای کۆرۆنا رایدەگەیێنێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوە و شەپۆلی چوارەمی پەتاکە هێشتا بەردەوامە، بەڵام خەڵکێکی زۆر تووشی بووە و بەرگرییان پەیداکردووە.
 
دکتۆر کامەران روونی دەکاتەوە، سرووشتی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن کە جۆرێکی کۆرۆنایە لاوازە و زیاتر بە هەڵامەت دەردەکەوێت، هەروەها پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ڤایرۆسەکە هەندێک نیشانەی هەیە وەکو تووشبوون بە هەوکردنی قوڕگ و لەدەستدانی تام و بۆن کە لەهەڵامەت ناچێت.
 
کۆرۆنا چی فێری مرۆڤایەتی کرد؟ دکتۆر کامەران لەوەڵامدا دەڵێت: ''ژیان، زانست، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکدی و خۆپاراستنی بە خەڵک ناساند، هەروەها وای لە مرۆڤ کرد کە چۆن بڕوانێتە داهاتووی و چی بکات بۆئەوەی ژیانی خۆی و کەسانی دیکەش پارێزراوبێت.'' 
 
لە بارەی پیسبوونی ژینگە پسپۆڕەکەی سینگ ئاشکرای دەکات، پیسبوونی ژینگە کار لە رێژەی ئۆکسجین و نایترۆجینی هەڵمژراو دەکات و کەمیان دەکاتەوە لەگەڵیشیدا رێژەی چەند گازێکی ژەهراوی هەڵمژراو لەنێو سییەکان زیاددەکات، سەرئەنجام  دەبێتەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سییەکان و هەستیاری. 
 
هاوکات دەشڵێت: ''ژینگە پاراستن واتە خۆپاراستن و بۆری هەوا و سی پاراستن.'' 
 
لە کۆتاییدا لەبارەی جگەرەی ئەلیکترۆنی دکتۆر کامەران قەرەداخی گوتی، تاوەکو ئێستا زانیاریی تەواوەتی لەسەر جگەرەی ئەلیکترۆنی بەردەستن نییە، بەڵام نازاندرێت دوای 20 یاخود 30 ساڵی دیکە چی روودەدات، بۆیە ناوی لێدەنێین ''بۆمبێکی کاتی'' کە مرۆڤی پێ دەکوژرێت.