لە ئیمارات رێکخراوێک بە نۆرینگەی گەڕۆک، خانمان لە شێرپەنجە هۆشیاردەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

رێکخراوێکی ئیماراتی بە بۆنەی مانگی ''ئۆکتۆبەری پەمەییەوە'' نۆرینگەی گەڕۆکیان دروستکردووە لەشێوەی کەرەڤانە و بە شوێنە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا دەگەڕێن، تاوەکو پشکنینی مەمک و هۆشیارکردنەوە بۆ خانمان بکەن.
 
رێکخراوەکە بە ناوی هاوڕێیانی نەخۆشانی شێرپەنجەیە FOCP و ساڵانە ئەو هەڵمەتە ئەنجامدەدەن، بە گوتەی نوێنەرەکەیان، ئەمساڵ جەخت لە پشکنینی پێشوەختەی مەمک دەکەن و خانمان لە نیشانەکانی شێرپەنجەکە هۆشیار دەکەنەوە.
 
رێکخراوەکە دەڵێت، هەشت نۆرینگەی جێگیر و 100 نۆرینگەی گەڕۆک بە درێژایی ئەم مانگە لە ناوچە جیاوازەکانی ئیمارات دا دەگەڕێن و ئامانجیان ئەوەیە کە هەزاران خانم هۆشیار بکەنەوە.
 
مانگی 'ئۆکتبەری پەمەیی' لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بۆ هۆشیارکردنەوە، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی پشکنینی شێرپەنجە و بایەخدان بە خودپشکنینی مەمک دانراوە.