نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر: خەمۆکی و دڵەڕاوکێ پێشەنگی کێشە دەروونییەکانی گەورانن

رووداو - تەندروستی 

جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر رایدەگەیێنێت، لەنێو گەوران 'خەمۆکی و دڵەڕاوکێ' و لەنێو منداڵانیش 'کێشە رەفتارییەکان' بڵاون و ئاماری کێشە دەروونییەکانیش لەنێو گەوران روو لە زیادبوونە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2024 د. رێدار محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، 32٪ـی ئەوانەی لە راوێژکاریی گەوران تۆمارکراون کێشەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێیان هەبووە.
 
د. رێدار محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر و پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان دەڵێت: لەنێو منداڵان گرفتە رەفتارییەکان وەکو 'کەللەڕەقی، تێکەڵاونەبوون، دووبارەکردنەوەی رەفتارەکان، گریانی بەردەوام و سووربوون لەسەر ئەو شتەی منداڵەکە دەیەوێت' کێشە هەرە باوەکانی نێو منداڵانن.
 
لەبارەی رێژەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لەنێو گەوران ئەو پسپۆڕە بە شێوەیەکی گشتی باسی دۆخەکانی کرد و گوتی، هۆکاری سەرەکیی ئەو دوو کێشە دەروونییە دیاریکراو نین و زۆر هۆکار هەن بۆ ئەوە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان لەوەی کە بۆ چارەسەری کێشە و گرفتە دەروونییەکانیان نەچنە لای کەسانی ناشارەزا، تەنانەت بە پێویستیشی دەزانێت کە ''مامۆستایانی ئایینی رۆڵی پاڵپشتیکار بۆ پسپۆڕانی دەروونی ببینن لە چارەسەکردنی کێشە دەروونییەکانی تاک''.
 
هاوکات سێ پێشنیاز بە هاونیشتمانییان دەدات وەکو؛ 
 
- نەبوونی شەرم لە نەخۆشییە دەروونییەکان.
- نەچوونە لای کەسانی ناشارەزا و هەڵە بۆ چارەسەری نەخۆشی و ناڕێکییە دەروونییەکان؛ چونکە تەنیا پسپۆڕی دەروونی دەتوانێت دەرمان بدات بە نەخۆش.
- بەکارهێنانی دەرمانە دەروونییەکان بەشێوەیەکی گونجاو و بەگوێکردنی رێنوێنییەکانی پزیشک.

ئامارەکان
 
لەکۆی شەش مانگی ئەمساڵدا لەو نەخۆشخانەیە، حەوت هەزار و 656 کەس لە راوێژکاری گەوران بینراون و 996 منداڵیش لە راوێژکاری بینراون، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەراورد بە شەش مانگی ساڵی رابردوو پێنج هەزار و 838 کەس لە راوژکاریی گەوران و هەزار و 495 لە راوێژکاریی منداڵان بینراون.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، تەنیا لە نەخۆشخانەکە لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، رێژەی تووشبووانی خەمۆکی 32٪ لەنێو گەوران و 6٪ لەنێو منداڵان تۆمارکراوە.