تەندروستیی ویلایەتی مینیسوتا: دەبێت منداڵان ڤاکسینی دژ بە سوورێژەیان پێبدرێت

رووداو - تەندروستی 

بەرپرسانی تەندروستیی ویلایەتی مینیسوتا لە ئەمریکا رایدەگەیێنن، دایک و باوکان دەبێت پابەند بن بە کوتانی منداڵانیان بە ڤاکسینی سوورێژە و ملەخرێ بەپێی خشتەی پێدانی ڤاکسینەکان.
 
بە گوێرەی تەندروستیی ئەو ویلایەتە، نەخۆشیی سوورێژە و ملەخرێ لەنێو منداڵان بڵاوبووەوتەوە و بە مەبەستی خۆپارێزی و پێشگیریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەیان دەبێت منداڵان لە تەمەنی دیاریکراو ڤاکسینی دژ بەم نەخۆشییانە وەربگرن. 
 
دکتۆر ڕوت لینفیڵد، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان و بەڕێوەبەری پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستیی ویلایەتی مینیسوتا دەڵێت: "دەشێت سوورێژە ببێتە هۆی هەوکردنێکی تووند، داوا لە دایک و باوکان دەکەم دڵنیابن لەوەی منداڵەکانیان کوتانیان بۆ کراوە، چونکە دەزانین کوتان باشترین رێگەیە بۆ پێشگیریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان''. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، نەخۆشیی سوورێژە زۆر خێرا دەگوازرێتەوە و کەسێکی تووشبوو پێش ئەوەی نیشانەکانی لێ دەرکەون دەتوانێت 15 کەسی دیکە تووشبکات بەبێ بەرکەوتنی راستەوخۆ.
 
بەپێی ئەم رێکخراوە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی سوورێژە لە چەندین وڵاتدا روو لە زیادبوونە و خێرا تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە نیگەرانییەکی جیدی دروستکردووە.