رۆژانە منداڵ لە قوتابخانە چی بخوات؟

رووداو - تەندروستی 

لەگەڵ کۆتایی هاتنی پشووی هاوین و گەڕانەوەی منداڵان بۆ پۆلەکانی خوێندن، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو چەند خۆراکێک پێشنیاز دەکات بۆ بەتەندروست مانەوەی منداڵان لە رۆژانی خوێندندا.
 
دکۆتر جاکلین ئەڵبین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، نانی نیوەڕۆی هاوسەنگ دەبێت نزیکەی 50% سەوزە و میوە بێت، تێکەڵکردنی سەوزە و میوەی ڕەنگاوڕەنگ لە نانی نیوەڕۆی قوتابخانەدا بەهای خۆراکی بەرز دەکاتەوە و ژەمەکە خۆشتر دەکات، نیوەی دیکەی ژەمەکە دەبێت دانەوێڵەی تەواو و پرۆتین و چەوری تەندروست بێت کە ئاستی وزەی منداڵ بەرز دەکاتەوە.
 
دکتۆر ئەڵبین دەڵێت، ''ژەمی نیوەڕۆی منداڵ ئەگەر لە ماڵەوە ئامادەبکرێت تەندروستترە و دەزاندرێت کە منداڵەکەت لە قوتابخانە چی دەخوات، هەروەها دەبێت منداڵان گرنگییەکی زۆر بە ئاوخواردنەوەی بەردەوام بدەن''. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، نیوەی هەموو منداڵان و هەرزەکاران لە ئەمریکا کێشەی کەم ئاو خواردنەوەیان هەیە و رۆژانە بڕی پێویست لە ئاو ناخۆنەوە.