بیرکردنەوە: گەشتێک لە شوێنەوە بەرەو ناشوێن لای مەنگوری
مەنگوڕی (1910-1988) یەکێک لەو رووناکبیرانەی لەسەر نووسین دادگاییکراوە و یەکەم کتێبی "هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن" لە 1938دا قەدەخەکراوە. لەسەر بیرکردنەوە و راوبۆچوونی ئازاد لە سەردەمی "شێخ مەحموود"دا دووچاری گێرە و کێشە بووە.
لەسەدەی رابووردوودا وەک روناکبیرێکی رەخنەگر گەشتی نووسینی سەرڕێ خستووە و لەو پێناوەشدا دووچاری راوەدوونان و راگواستن و دەربەدەری و هەڕەشە بووەتەوە.
ئەگەرچی مەنگوڕی زۆربەی بیروبۆچوونەکانی بە زمانی شیعر دەربڕیون، بەڵام هۆنراوە و هەڵبەستەکانی لە بیرکردنەوە و پرسیاری جیددی خاڵی نین. لێرەدا چەند تایبەتمەندییەک و رەهەندەکانی بیرکردنەوە لای مەنگوڕی لەنێو دەقەکانیدا شرۆڤە دەکرێت.
1- بیرکردنەوە وەک ئەرکێکی روناکبیری
دەبێت ئەرکی بیرکردنەوە چیبێت جگە لە رەوکردن لە جیهانی فیزیکییەوە بەرەو ناشوێن. بەڵام ناشوێن جگە لە پانتاییەکی تری بیرکردنەوە لە ئازادیی هزرین و پرسیارکردن و رەخنەکردن شوێنیکی تر نییە.
بۆیە بە گشتی مەنگوڕی لە دەقەکانیدا لە هەوڵی گەیشتنە بە ناشوێن و چوونە ئەودیو واقیعی بەردەستەوە. سۆراخکردنی پانتیاییەک لە دەرەوەی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەسڵەتی بیرکردنەوەیەتی.
بەڵام، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی لە شوێنەوە بەرەو ناشوێن لە دەقەکانیدا دەبێتە دیاردەیەکی دووبارە؟ لەبەر چی بیرۆکەی "بەهەشت، مەریخ و مانگ و ئاسمان و ... هتد." دەبنە پانتیایی بیرکردنەوە لە ناشوێن؟
بەشێکی وەڵامەکە بۆ سرووشتی بیرکردنەوەی دەگەڕێتەوە. بەشەکەی تریش بۆ دۆخی سیاسی و کولتووریی سەردەمەکەی و هاوکات چۆنییەتیی رووبەڕووبوونەوەی دەوروبەرەکەی دەگەڕێتەوە.
هەمیشە "شوێن" وەک پانتاییەکی ژیانەکی و بوونەکی چ لە رووی کاتەوە و چ لە رووی رووداوەوە سنووردارە. بۆیە بیرکردنەوەی فەلسەفی و فەلسەفاندنی کێشە و گرفتەکان بە جۆرێک تێپەڕبوون و ئاودیوبوونی ژینگە و دەوروبەرە. مرۆڤ بۆ ئەوەی لەوە بگات کە بۆچی رووداوەکان بەو جۆرەن نەک شێوەیەکی تر. پێویستە سەروو واقیعی دۆخەکە بکەوێت و لەوێوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکات.
بیرکەرەوە و توێژەر ئەگەر مەودایەک لەنێوان بیرکردنەوە و ئەزموونکردنی راستەوخۆوه وەرنەگرێت، تێگەیشتن و لێکدانەوەەکانی بە کارتێکەرە راستەوخۆکانی دەوربەرەکەی سنووردار دەبن. لەم سۆنگەوە "شوێنگە" داگیرکار و خۆسەپێنەرە بەسەر هەست و ئاگایی مرۆڤدا. جگە لەوەش مەرج نییە شوێن چاوەڕوانی و خولیاکانی تێر بکات.
لێرەوە بە ئاودیوبوون لە شوێن، چوونەدەرەوە لە زەبر و چەپۆکی ژینگەی ئابڵوقەدەر جۆرێکە لە خۆڕزگارکردن و پراکتیزەکردنی ئازادیی پرسیارکردن. ئیدی بیرکرنەوە رەوکردنە لە "شوێن" کە بە بەها و سیستم سەرڕێژ کراوە.
2- بیرکردنەوە وەک گەشتکردن بە جیهاندا
لە کۆی بەرهەمەکانی "مەنگوڕی"ـدا بیرۆکەی گەشت و گەڕان بە جیهاندا رەنگی داوەتەوە و زۆر جار وەک گەڕیدەیەک لە جیهان دەڕوانێت. جگە لەوەی کە خۆی 14 جار دەربەدەر کراوە و لەم جێ بۆ ئەو جێ راگوێزراوە کە لەگەڵ مەیلی بینینی شوێنەکانی تری جیهان هاوتەریبە. هەر وەک خۆیشی لە بیرەوەریی چوونیدا بۆ بەغدا بە یاوەریی باوکی بەرکەوتنی لەگەڵ دیمەنەکانی جیهانی شارنشین و شارستانیەتدا وێنا کردووە.
لە کتێبی "بەهەشت دڵداری"یشدا کە لە سەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانیدا نووسراوە، لە رێگەی هەواڵەکانی جەنگەوە گەشتێک بەنێو رووداوەکانی بەرەکانی شەڕدا دەکات. تێهەڵکێشییەک لەنێوان جەنگ و خۆشەویستیدا دەکات. وەک چۆن لە جەنگدا هەموو شت رەوایە، لە خۆشەویستییشدا هەموو رێگەیەک بۆ گەیشتن بە دڵبەر رێپێدراوە. خۆشەویستییش وەک جەنگ دەکەوێتە سەرووی ئاکارەوە.
ناوی شوێنەکان و هێرشەکانی سوپای ئەڵمانیا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا و گرتنیان لەگەڵ ناوی سەرکردە و جەنەراڵەکاندا ناوی دوورگە و ئۆقیانووسەکان و بەندەرەکان، رووبار و چەم و کێو و باخ و کێڵگەکان هەموویان دەبنە کەرەستەی هەڵبەستەکانی. وێرانکاریی جەنگ، ژیان و زەوی دەکاتە دۆزەخ. بۆیە دڵداری دەبێتە بەهەشتێک و ساتێک کە مرۆڤ لە پووچیی ژیان دەرباز ببێت. ئیدی گێڕانەوەی کارەساتی جەنگ بە زمانی خۆشەویستی خاڵێکی تری جیاکەرەوەیەتی لە شاعیرە هاوسەردەمەکانی.
3- بیرکردنەوە وەک تێپەڕاندن
ئەگەر چەمکی "تێپەڕاندن" وەک رەهەندێکی تری بیرکردنەوەی مەنگوڕی لێک بدەینەوە، پێویستە بۆ ئەو بەکارهێنانەی لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانی "ڤۆلڤانگ شترۆڤە" (Wolfgang Struve) کە لە کتێبی "فەلسەفەی ترانسێندنس"ـدا باسی کردووە بگەڕێینەوە، لەوێدا شترۆڤە بیرکردنەوەی فەلسەفیی وەک تێپەڕاندن (ترانسێندێنس) و سەرووئاساکەوتن پێناسە دەکات. تێپەڕاندن دۆخێکی هزری و ژیری و ویژدانییە کە بەهۆیەوە مرۆڤ سەروو واقیع، جیهانی بەرهەست، دەکەوێت. واتە بە گۆشەنیگایەکی جیاوازترەوە لە واقیع ڕادەمێنێت.
کاتێک مەنگوڕی باسی "بەهەشت، مەریخ و مانگ" دەکات مەبەستی لە هەسارەو تەنێکی تاریک و بێگیان لەناوەندی ئاسماندا نییە، بەڵکو جیهانی "دەرەزەوی" بە چاوێکی جوانناسانە بۆ سەرچاوەی رۆشنایی و هیوا دەگۆڕێت. لە کاتێکدا کە مانگ لە خۆیدا جوان نییە و تەنانەت دڵۆپە ئاوێکیشی لێ نییە. بەڵام لە شیعردا جوان دێتە بەرچاو و دەبێتە هاودەم و هاوخەم.
لێرەوە بیرکردنەوە تێپەڕاندنە و ئەندێشە و خەیاڵ گەشتنامەیەکن. بۆ نموونە چوونەسەر مانگی لە 1969دا نووسیوە وەک هەواڵێکی دڵخۆشکەر و سەرکەوتنی زانست بەسەر خورافەدا کە ئاسمان "حەوتچین"ـە و هیچ کەس پێی ناگات (مەنگوڕی، جیهانیکی ئازاد 733:).
سەردەمانێک ئاسمان و هەسارە و ئەستێرەکان هەتا پێش "دۆزینەوە مەزنەکانی زانست" لەسەر میتۆلۆجیای ئایینی تاپۆ بوون. ئاسمان وەک چەمکێک و پانتیاییەکی مەتەڵئامێز شوێنێکی نەزانراو و دوورەدەست بوو. ئەوەش بواری بۆ راڤە و قسەکردن بە ناوی ئایین و پەیامبەران و فاڵگرەوە و ئەستێرەوانەکانەوە خۆش کرد کە بە لێکدانەوەی جووڵەی هەسارەکان پێشبینیی هەڵسوکەوت و چارەنووسی مرۆڤ و رووداوەکان بکەن.
ئیدی قۆرخکردنی ئاسمان لە گوتاری ئایینیدا کە وایکرد وەک موڵکێک کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت، بە داهێنانە زانستییەکان پووچ بووەوە. ئەو میتۆلۆجیا و خەیاڵاتانەی لەبارەی ئاسمانەوە هەبوون، ئەگەر بە دیوێکدا رێگر بووبن لە بەرزەفڕیی بیری مرۆڤ و تەلبەنێکیان بەدەوری ئەندێشەیدا کێشابێت، ئەوا لە ناخەوە پاڵنەری بەزاندنی چاند. بۆیە تێپەراندنی سنووری گۆی زەوی و گەشتکردن بەرەو ئاسمان دەبێتە ئەنگێزەی مرۆڤ.
4- بیرکردنەوە لە جیهانێکی یەدەک
لەبەر چی مەنگوڕی بەردەوام بیری لەجیهانێکی تر کردووەتەوە؟ خۆ لە ئایینەکاندا بیرۆکەی جیهانێکی تەواو (پێرفێکت) کە مزگێنییەکە بۆ مرۆڤە باوەڕدارەکان دراوە.
دیارە مەنگوڕی ئەو جۆرە جیهانەی کە بە "بەهەشت" ناسراوە و دەکەوێتە جیهانێکی ترەوە مەبەست نییە. ئەو لەم ژیانە و جیهانەدا بەدوای بەختەوەری و یەکسانی و دادوەری و ئازادیی مرۆڤدا وێڵ بووە. بیرکردنەوە لە جیهانێکی تر هەر رەتکردنەوەیەک نییە، بەڵکو بیرکردنەوەیە لە باشتر. گەیشتن بە رووناکی ئامانجەکەیە، نەک نەفرەتکردن لە تاریکایی.
بیرکردنەوە لە جیهان و بوونێکی تر، دەرچەی دەربازبوونە لە چنگی واقیع و شوێن. بۆیە ئەنگێزەیەکی ئەفسانەیی لە رۆحی مەنگوڕیدا پەنگی خواردووەتەوە و بەردەوام بیر و خەیاڵ هانی ئاودیوبوونی ژینگەکەی خۆی داوە تا لەودیو هەبووەوە جێگە و دەروویەک بدۆزێتەوە، چونکە مرۆڤ تا خراپ و ناڕێکییەکانی ئەم جیهانە نەبینێت، ناتوانێت بیر لە جیهانێکی باشتر بکاتەوە.
لێرەوە خەیاڵ و ئەندێشەی مەنگوڕی هێندە بەپیتە تا ئەو ڕادەیەی لە هۆنینەوە و داڕشتنی شیعرەکانی جوانتر و بەپێزتر بێت. پێوستە لە "ئێستاتیکای بیرکردنەوە"وە لە ئەندێشەکانی بڕوانین. بەو پێیە ئێستاتیکای بیرکردنەوە و پرسیارەکانی لە هونەری شیعری باڵاتر دێنە بەرچاو.
لای ئەو هەوڵی گەیشتن بە "ناشوێن" خاڵی کۆتا و بنبەست نییە، بەڵکو پانتیاییەکی بیرکردنەوە و گەڕانە بۆ باشتر و گونجاوتر. بەدیهاتنی ئەو جیهانەش هەڵاتن نییە لە واقیع بە خۆکردن بە داڵان و گۆشە تاریکەکانی خەیاڵ و هزردا، بەڵکو بیرکردنەوە تێپەڕاندن و ئاودیوبوونێکە کە رەخنەکردنی واقیعە. رەتکردنەوەیەکە کە لە خۆیدا ئامانج نییە، بە ئەندازەی بیر لە باشتر بکرێتەوە. دەبێت ئازادی یەکەم جار لە هزرکردندا بێت، ئینجا لە واقیعدا.
تێبینی:
ئەم وتارە کورتەیەکە لە توێژینەوەک کە بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی دووبەرهەمی مەنگوڕی ("بەهەشتی دڵداری" و "جیهانێکی ئازاد") ئامادەکراوە.