رۆڵی رەفیق حیلمی لە بووژاندنەوەی کولتوور و زمانی کوردیدا
سەرەتاکانی سەدەی رابردوو دەستپێکی بەئاگاهاتنەوە و خۆناسینی رووناکبیر و دەستەبژێری کوردە. بەتایبەت سەروەختی داڕمانی "خەلافەی عوسمانی'"دەیان، ئەگەر نەڵێن سەتان، کورد لە سوپا و دامەزراوە سەربازی و شەرعییەکانی دەرباردا کاریان کردووە. بەپێچەوانەی ئەوانەی تەنیا وەک رەعیەیەک لەژێر رکێفی خەلیفەدا بوون، هەندێکیان درکیان بە پرسی سەربەخۆیی گەلەکەیان کردووە. بۆیان دەرکەوتووە چەمکی "برایەتیی ئیسلامی" بەنۆکەرکردن و بێگاریکردن و دادۆشینی سامانی گەلەکەیان زێدەتر نییە.
لە کاتێکدا هەندێک مەلا و شێخ و خوێندەواریش کە لە نزیکەوە ئاگاداری کەینوبەین و نهێنیی دەربار و گەندەڵیی دەسەڵات نەبوون، هەر دڵیان بۆ رزگارکردنی "ئاڵای خەلافەت" لێیداوە. بە جۆرێک کوردبوون و سەربەخۆییان بە گوناهـ و خیانەت لە ئوممەی ئیسلامی داناوە. بەڵام لەنێو ئەو چینە تەکنۆکراتەی کە ئاگاداری وردەکاریی چارەنووسی دەرباربوون، لە ناوجەرگەی خەلافەتەوە ئاسۆی سەربەخۆبوون و بووژانەوەی گەلەکەیان بە دوور نەزانیوە. یەکێک لەو رووناکبیرانە "رەفیق حیلمی" بووە کە رۆڵی بەرچاوی لە بووژاندنەوەی نەتەوەییدا گێڕاوە. وەک خوێندەوار و رووناکبیر ئەو لە چەند رووەیەکەوە جێپەنجەی دیاربووە:
- بەشداریی سیاسیی لە حیزبی هیوا یان یاوەریکردنی "شێخ مەحموود" لە دانوستاندنەکانیدا.
- وەک رووناکبیرێکی وەرگێڕ و نووسەر لە گۆڤارەکان و بەرهەمەکانی خۆیدا.
- وەک پەروەردەکارێک (پیداگۆکێک) کە پیشەی فەرمیی لە وەزارەتی مەعاریف (پەروەردەی ئێستا) سەرپەرشتیار بووە و چەندان نەوەی پێگەیاندووە.
لەم دەرفەتەدا رۆڵی لە وەرگێڕاندا بەتایبەت "نامیلکەی کۆمەڵایەتی" کە لە 1934دا چاپ بووە باسدەکەین. نامیلکەکە دەقێکی تورکیی بیریاری ناسراو "زیا ئەلپ کۆک" (1875 - 1924)ە. پێدەچێت لە هەڵبژاردنیدا دوو پاڵنەری لەپشتەوە بێت. یەکەمیان، لەبەر ئەوەی نووسەرەکەی بە رەچەڵەک کوردە. هەروەک رەفیق حیلمی لەسەر بەرگی وەرگێڕانەکە ئاماژەی بەوە کردووە لە"نووسینی زانای گەورەی کورد"ە. لەو دەربڕینەدا سەرسامبوون و شانازیکردنێکی پێوە دیارە. دووەم، لەبەر کاریگەریی وەک "تیۆرساز"ێکی بیروباوەڕی نەتەوەیی و هاوکات کۆمەڵناسێک و رووناکبیرێکی مۆدێرنخواز کە دەبێتە خۆراکی هزری وەرگێڕ.
ئەگەر بە وردی خوێندنەوەیەک بۆ پێشەکیی وەرگێڕ بکەین، کۆمەڵێک سەرەداوی گرنگ بەرچاو دەکەون کە بیرکردنەوە و ئاگایی رەفیق حیلمی لە بابەتی وەرگێڕانەکە و تەکنیک و هونەری وەرگێڕانیشدا دەردەخەن. لەوێدا هەوڵی داوە لەبەرامبەر چەندین چەمک و زاراوەی کۆمەڵناسیدا واژەی کوردی دابنێت. لە نزیکەی 21 شوێندا بەرامبەر زاراوەکان وشەی کوردیی داناوە. لە سەردەمێکدا کە زاراوەی کۆمەڵناسی و ئەکادیمیی کوردی دەگمەن بوون. نووسینی کوردی لەو بارەوە ئەگەر نەڵێین هەر نەبووە، ئەوا دانسقە بووە.
لەلایەکی دیکەوە هەوڵەکەی ئەو تەواو پێچەوانەی خوێندەوارێکی کوردزادەی وەک "ئەحمەد نەعیم بابانزادە"یە (١٨٧٢-١٩٣٤) کە سەتان وشەی فەلسەفیی خستووەتە نێو زمانی تورکییەوە. بەوەش بنەماکانی فەرهەنگی فەلسەفیی لە تورکیدا پەرە پێدا.
لە رووی زمانیشەوە رەنگە "رەفیق حیلمی" یەکەم کەس بێت وشەی "نامیلکە"ی بەکارهێنابێت. کتێبەکە بەشێکە لە کۆمەڵە وتارێکی "زیا ئەڵپ کۆک،" بەڵام تەنیا ئەو وتارەی لێ وەرگێڕاوە. ئیدی نازانم ئاخۆ حیلمی دواتر گەڕاوەتەوە سەر وەرگێڕانی وتارەکانی دیکەی نێو کتێبەکە یان نا، چونکە خۆی دەڵێت: "بەهۆی گەرمای هاوینەوە نەکرا هەمووی لە چاپ بدەم و بڵاوی بکەمەوە". بۆیە "ئەوەی ئەم دیباجەیەی پێنووسیم، نەتوانینی تەواوکردنی ئەم کارەیە". (حیلمی، پێشەکی)
هەر لە پێشەکییەکەدا دەپرسێت: "وەرگێڕان چییە؟" بەتایبەت بەمە وەڵامێکی ئەوانەی داوەتەوە (بە دیاریکراوی ئاماژەی پێنەکردووە) کە پێیانوایە دەبێت وەرگێڕ تەنیا وشەی کوردیی پەتی بەکاربهێنێت. بەڵام رای خۆی لەو بارەوە بە دوو خاڵ دەخاتەڕوو: یەکەم، لە وەرگێڕاندا دانانی وشەی کوردی بەرامبەر زاراوەی زمانی لێوەرگێڕدراو بەدەستکاریکردنی پەیام و واتای دەقەکە دەکەوێتەوە. ئەمەش بۆ کورد دەبێتە مایەی دواکەوتن. چونکە لە گۆڕینی وشە بیانییەکاندا دەستکاریکردن لە واتای ئەوەی نووسەرەکە مەبەستی بووە دروستدەبێت. لەجیاتی مەبەستی نووسەر، وەرگێڕ شتێکی دیکەیان پێدەڵێت.
بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە "زمان" پەرەی پێنەدرێت. نەخێر لەسەر هەموو لاوێکی بە مێشک (ژیر)ە کە لەم "سەدەی رێنیسانس"ـی کوردەدا بەتەواوی هەوڵبدات و تا لە دەستی بێت زیندووکردنەوە و بووژاندنەوەی زمانی بکاتە ئایدیاڵ (ئامانجێکی باڵا). چونکە "زیندووبوونەوەی نەتەوەیەک بە زیندووکردنەوەی زمانیەوە بەستراوە". لێرەوە بە رای ئەو "تاوەکو زمان نەبووژێتەوە، گەل نایەتە ناو کۆڕی گەلان و شارستانیەتەوە".
رەفیق حیلمی باوەڕی وایە لەبەر ئەوەی "مەیدانی شیعر و ئەدەبیات بوارێکی فراوانە، دەتوانین بە زمانی دەوڵەمەندی کوردی بیری خۆمانی پێ دەربڕین و پێ بنووسینەوە". بەڵام دەبێت لە وەرگێڕانی دەقی بابەتە زانستییەکاندا "خۆمان لە دەستکاریکردن بپارێزین". حیلمی دەڵێت ئەمەش "خواستی منە و پێویستیی زانستە". لەگەڵ ئەوەشدا لە وەرگێڕانی دەقەکەدا دەستەوەسان نەبووە و لە داتاشینی وشەی کوردی بۆ زاراوەکان دەستپێشخەر بووە.
لە راستییدا نێوەڕۆکی کتێبەکە ئەگەر بەپێی ناونیشانەکەی بێت، باسی کۆمەڵگە دەکات و بابەتێکی کۆمەڵناسییە، بەڵام نێوەڕۆک باسی نەژاد، گەل و نەتەوە و نەریت و رێوڕەسمەکان دەکات. ناساندنی واتای رێسا و بەها و پێوەرە کۆمەڵایەتی و ئەوەی پێیدەگوترێت کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییە. بۆیە پتر لە کتێبێکی ئەنترۆپۆلۆجی/ئەتنۆگرافی دەچێت.
یەکێک لەو پرسیارانەی لە دەقەکەدا کراوە: "نەتەوە چییە؟" ئەم پرسیارە رێدۆزێکە بۆ ئەوەی چۆن و بە چی نەتەوە دەبووژێتەوە؟ چۆن لە لەنێوچوون و توانەوە دەپارێزرێت؟ دەیان نموونەی گەلی جیا باسکراوە کە چۆن لەنێو زمانێکی دیکەدا تواونەتەوە یان نەژادیان گۆڕدراوە. چۆن مەزهەب و ئایین کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی توانەوە هەیە؟ رۆڵی زمان چییە و جیاوازیی گەل و نەتەوە لە چیدایە؟ گەلان بەهۆی شار و شارستانیەتەوە بەرەو هاوئاهەنگی و پێکەوەبوون دەچن، لە کاتێکدا بەهۆی فەرهەنگەوە لە یەکتر دووردەکەونەوە (حلمی ل ١٥). کە وابوو دەبێت بۆ "کۆسمۆپۆلتیک (جیهانیەتی) لە شارستانیەتدا و بۆ نەتەوایەتیش لە کولتوور(حرث لە زمانی ئەوەوە)دا بگەڕێین"(حلمی ل ١٥).
لە وتارەکەدا بیرۆکەی "ئایینی نەتەوەیی"، "دەوڵەتی نەتەوەیی" و "شارنشینیی نەتەوەیی" وەک دوائامانجی باڵا و پێکهێنەری سەرەکیی گەلێک شرۆڤە کراون. چەمکی "کەسێتیی نەتەوەیی" کە ئاماژەیەکە بە رۆڵی زمان لە پێکهێنانی ئەو کەسێتییەدا تاوتوێکراوە. مەرج و پێکهێنەرەکانی نەتەوە چین؟ رۆڵی شار لە پرۆسەی بەنەتەوەییبووندا چییە؟ بۆ نموونە، لەبەر ئەوەی "کورد گوندنشینە" و شارەکان تورکنشینن، ئیدی بە ئاسانی کورد لە بۆتەی شاردا بوونە تورک (حلمی، ل ٩).
گرنگیی نێوەڕۆکی کتێبەکە لەو پاشخانە هزرییەی بیریارانی وەک "دۆرکهایم و ئێرنست رێنان" و چەندینی دیکەوە سەریهەڵداوە. لەوانەیە یەکێک بپرسێت: ئایا ئەو بۆ دەقی "بیریار و ئەندازیاری" نەتەوەگەری تورکی وەگێڕاوە، لە کاتێکدا تۆرانیزم نەیاری سەرسەختی کوردبوون بووە؟ هەڵبەت وەک چۆن سەرچاوە باسدەکەن کە کاتی خۆی رەخنەیان لە "زیا ئەڵپ کۆک" گرتووە بەوەی باسی تورکچێتی دەکات لە کاتێکدا خۆی تورک نییە، لە وەڵامدا گوتوویەتی: "بیری نەتەوەیی زانستە"!
ئیدی رەفیق حیلمی بە باشی لە پەیام و فەلسەفەی ئەو کتێبۆکەیە تێگەتیشتووە؛ "زمان" نەک هەر ئاخافتن و گوێزانەوەی پەیامێکە، بەڵکو پێناسە و قەڵای مانەوەی نەتەوەیەکە، چونکە ژیانەوە و بووژانەوە (زاین لە زمانی ئەوەوە) لە زمانی نەتەوەییدایە، کاتێک کە بە زمانی خۆی ئایین و رووناکبیری و رۆشنبیری بنووسرێت (حلمی ل١١).
لێرەوە وەرگێڕانی دەقێکی لەو جۆرە و لە سەروەختی بەئاگاهاتنەوە و وریابوونەوەی رووناکبیرانی کورددا کە ئەو بە "رێنیسانس" ناوی دەبات، ئاماژەیەکی پەیامدارە، چونکە رێنیسانس ئەو ئایدیایەیە کە بووژانەوەی کۆمەڵگە، زانست و هۆشیاریی زمان/نەتەوە ئامانجە باڵاکەیەتی.