خانمێکی سعودی بەشداری پێشبڕکێی شاجوانی گەردوون دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

رومی قەحتانی، شاجوانی سعودیە بۆ ساڵی 2021، دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژوو نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی بکات لە پێشبڕکێی شاجوانی گەردوون بۆ ساڵی 2024. رێکخەرانی پێشبڕکێکەش دەڵێن: "هێشتا کەسمان هەڵنەبژاردووە و پرۆسەکە ماویەتی."
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-04-2024، ماریا خۆسێ ئوندا، رێکخەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی شاجوانی گەردوون گوتی: "رێکخراوی شاجوانی گەردوون لە پرۆسەی هەڵبژاردنی بەربژێرێکی گونجاوە، بۆ نوێنەرایەتیکردنی شانشینی سعودیەی عەرەبی." و لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا کەسێک هەڵدەبژێرن.
 
بڕیارە رێوڕەسمی هەڵبژاردنی شاجوانی گەردوون لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ لە مەکسیک بەڕێوەبچێت.
 
مانگی پێشوو، رومی قەحتانی، خانمە مۆدێلی سعودی لە ئینستاگرام وێنەیەکی خۆی لەگەڵ ئاڵای سعودیە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "شەرەفمەند دەبم نوێنەرایەتیی سعودیە بکەم."
 
بڵاوکردنەوەی وێنەکان لەگەڵ ئاڵا سەوزەکەی سعودیە کە شەهادەی ئیسلامی "لَا إِلٰهَ إِلَّا اللَّٰه مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّٰه"ـی لەسەرە، کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆر کەس پێیانوابوو بێڕێزی بەرامبەر ئاڵاکە و پیرۆزیی دروشمەکە کراوە.
 
دوای هەفتەیەک لە بڵاوکردنەوەی وێنەکان، رێکخراوی شاجوانی گەردوون رایگەیاند: "پۆستەکە هەڵەیە و بەلارێدابردنە." ئەوەشیان خستەڕوو کە هێشتا هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی بەربژێرێک دەستی پێنەکردووە.
 
قەحتانی تەمەنی 27 ساڵە، لەگەڵ دایک و سێ خوشکەکەی لە ریازی پایتەخت دەژیت. ئەو دەڵێت لەگەڵ رێکخراوەکە لە "دانوستاندن" دان و هیچ زانیارییەکی دیکەی نەدرکاند.
 
ئەو دەڵێت: "لەلایەن لیژنەی شاجوانی گەردوونەوە پەیوەندیم پێوەکرا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی سعودیە بکەم. دانوستاندنەکان دەستیانپێکرد، بەڵام چونکە لە مانگی رەمەزان بوو، نەمتوانی بە تەواوی وەڵامیان بدەمەوە. ئێمە هێشتا لە گفتوگۆین و هیوادارم ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت."
 
لەوبارەیەوە رێکخەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی شاجوانی گەردوون رایگەیاند: "ئێمە ئەوە پشتگوێ دەخەین بۆچی قەحتانی شتێکی لەم جۆرەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو دەیەوێت بەشداری بکات، دەبێت وەکو هەموو بەربژێرەکانی دیکە بە پرۆسەی هەڵبژاردندا تێپەڕێت."
 
لەبارەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لەگەڵ ئاڵای سعودیە، رومی گوتی: "چەند کۆمێنتێکی نەرێنی هەبوون لەبارەی شێوازی جلوبەرگم، خەڵک پێیانوابوو جلەکەم شیاو نییە. من پێموانییە جلەکەم نەشیاو بێت و هیچ پەشیمان نیم لە بڵاوکردنەوەی وێنەکانم."
 
ئەو پێیوایە چەندین وەرزشڤانی سعودی لە پێشبڕكێ جیاوازەکان بە ئاڵای سعودیەوە دەرکەوتوون و وێنەیان گرتووە و ئەو هیچ مەبەستێکی "بێڕێزیکردن"ـی نەبووە.
 
فەوزیە عاید، دایکی رومییە، پشتگیریی لە کچەکەی دەکات. فەوزیە دەڵێت: "هەمیشە پێی دەڵێم بەردەوامبە. رومی کچێکی زۆری هانداوە و چەندین خەڵک لێی دەپرسن چۆن گەیشتووەتە ئەو ئاستە."