کۆنسێرتی ئۆپێرا لە سۆران بەڕێوەچوو
رووداو - سۆران
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆنسێرتی ئۆپێرا بەڕێوەچوو. کۆنسێرتەکە کۆنسوڵخانەی چیک لە هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەریی سۆران رێکخرابوو.
مارتیدکان سارچۆڤا، سەرپەرشتیاری گرووپی رەن ئۆپێرۆن دەڵێت، "لەسەر بانگهێشتی کۆنسوڵخانەی چیک و حکومەتی کوردستان هاتووین، چەند بەرهەمێکی تایبەتی ئۆپێرا پێشکێش دەکەین. بە هیوای خۆشی بینین لێی."
گرووپی 'رەن ئۆپێرۆن'ی چیکی کۆمەڵێک گۆرانی و نمایشی کولتوور و هونەرەکەیان پێشکێش بە بەشداربووان کرد.
لە کۆنسێرتەکەدا 12 بەرهەمی جیاواز پێشکێش کران. باپیر عومەر، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەریی سۆران رایگەیاند، "لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وامان کرد گرووپیک لە چیک بهێنین و نمایشی گۆرانی و مۆسیقا و کولتووری خۆیان بکەن لە دەڤەرەکەمان. مەبەستمان زیاتر ئاشناکردنی خەڵکی خۆمان بوو بە کولتووری ئەوروپی، بەتایبەت ئۆپێرا."
خۆشەویستیی نێوان کچ و کوڕ، پێکەوەیی خێزان، جیابوونەوە و دابڕان بە گۆرانی و دراما بەشێک بوون لە بەرهەمەکان.
دیاری بێخاڵی، موزیکژەن دەڵێت، "درامایان لەگەڵ گۆرانییەکان بەکاردەهێنا، بێگومان ئەگەر لە زمانی ئۆپێرا بگەیت، ئەوە هەمووی چیرۆکە، چێژمان لێ بینی و دەستخۆشییان لێدەکەین."
پارساڵ گرووپی 'رەن ئۆپێرۆن'ی چیکی لە هەولێر و سلێمانی کۆنسێرتیان کردووە و بڕیارە لە داهاتوودا لە شارەکانی دیکەش بەردەوام بن.