سەماکارانی بالێ دوای جێهشتنی رووسیا لە ئەمریکا بەیەکدەگەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک سەماکاری بالێ کە پێشتر لە وڵاتانی جیاوازەوە بە مەبەستی فێربوونی هونەرەکە گەشتیانکردبوو بۆ رووسیا، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرایناوە رووسیایان جێهێشتووە و ئێستا لە ئەمریکا بەیەک گەییشتوونەتەوە. 
 
جۆی وۆماک، سەماکارێکی ئەمریکییە، پێشتر لە ئەکادیمیای بۆلشۆی سەمای بالێ لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا خوێندوویەتی؛ باس لەوە دەکات دوای ئەوەی هاوپیشە کوڕەکانیان بۆ خزمەتی سەربازی بانگکران، ناچاربوون رووسیا جێبێڵن چونکە نەیاندەتوانی بە شێوەیەکی ئاسایی کاربکەن. 
 
ژمارەیەک خانمە سەماکاری دیکەی بالێ کە خەڵکی ئەمریکا، رووسیا و بەریتانیان، لەگەڵ جۆی وۆماک راهێنان دەکەن و خۆیان بۆ نمایشی داهاتوو ئامادە دەکەن. 
 
جۆی وۆماک، سەماکاری بالێی ئەمریکی، دەڵێت: "من یەکێکم لەو ژنە ئەمریکیانەی لە ئەکادیمیای بۆلشۆی بالێ لە رووسیا سەمام کردووە. یەکەم ئافرەتی ئەمریکی بووم بتوانم ئەکادیمیای بۆلشۆی تەواوبکەم و دیپلۆمای سوور بەدەستبێنم". 
 
هەروەها دەڵێت "بە درێژایی ئەزموونم لە رووسیا بووم، یەکێک بووم لە سەماکارە سەرەکییەکانی تیمی کرملن و چەندین کۆمپانیای دیکەی رووسیا و سەرانسەری جیهان. بۆ من، زۆر سەخت بوو ماڵئاوایی بکەم". 
 
بڕیارە مانگی داهاتوو سەماکارەکان لە شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، نمایشێک پێشكێش بکەن.