دوەین جۆنسن خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر ناکات
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەکی زۆری لە ئەمریکاییەکان هیوایان دەخواست دوەین جۆنسن کە بە 'زە رۆک' ناسراوە، خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات، بەڵام ئەو ئەکتەرە ئەمریکییە رایگەیاند، نایەوێت ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵکو دەیەوێت ببێتە باوکێکی "باش" بۆ کچەکانی.
جۆنسن لە هەڤپەیڤینێکدا بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتی "لەسەر مێز نییە".
ئەستێرەی پێشووی زۆرانبازیی 'WWE' گوتی: "وڵاتەکەمان و هەموو ئەوانەی لێی دەژین خۆشمدەوێن، بەڵام باوکایەتیکردنیشم خۆشدەوێت، گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە باوکایەتی بکەم، بە تایبەتی لەم قۆناخە گرنگەی ژیانی کچەکانمدا."
جۆنسن سێ کچی هەیە، جازمن لیای شەش ساڵان، تیانا جیای چوار ساڵ لە لۆرن هاشیانی هاوژینی، هەروەها سیمۆنی ئەلێساندرای تەمەن 21 ساڵ لە هاوژینێکی پێشووتری.
راپرسیێکی ساڵی 2021 بەو ئەنجامە گەییشت کە 58٪ی خەڵکی ئەمریکا حەزدەکەن جۆنسن وەکو سەرۆکی داهاتووی وڵاتەکەیان ببینن.