شارەوانییەکانی جەهەپە کۆنسێرتی دوو هونەرمەندی کورد هەڵدەوەشێننەوە


رووداو دیجیتاڵ 

شارەوانیی شیشلی لە ئیستەنبووڵ کە لەلایەن پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ەوە بەڕێوەدەبرێت، کۆنسێرتی دیلژەن رۆنی، هونەرمەندی کوردی هەڵوەشاندەوە.
 
دوای ئەوەی رۆژی هەینی کۆنسێرتی خانمە گۆرانیبێژی کورد رۆژدا بێ نیشاندانی هیچ هۆکارێک لەلایەن شارەوانیی کوچوک چەکمەجەی ئیستەنبووڵەوە هەڵوەشێندرایەوە،کۆنسێرتێکی گۆرانیبیژی کورد دیلژەن رۆنی کە بڕیار بوو رۆژی 6-12-2024 لە ناوچەی شیشلی بەڕێوەبچێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا.
 
ئەگەرچی شارەوانیی شیشلی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکەی دیلژەن رۆنی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەیانەوێت هۆڵی کۆنسێرتەکە نۆژەن بکەنەوە، بەڵام ئەوە بەشێک لە کوردی ئیستەنبووڵی نیگەران کردووە.  
 
دیلژەن رۆنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە زمانەکانی کوردی و تورکی بڵاویکردەوە، "ئەو کۆنسێرتەی بڕیار بوو رۆژی 6ی کانوونی یەکەمی 2024 لە شاری رۆشنبیریی جەمیل جانداش لە شارەوانیی شیشلی سازی بدەین، بە هۆکاری نۆژەنکردنەوە هەڵوەشێندرایەوە."
 
لە دوو رۆژدا ئەوە دووەمین کۆنسێرتی هونەرمەندی کوردە کە لەلایەن شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵەوە هەڵبوەشێندرێتەوە. 
 
هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکان کاردانەوەی بەشێک لە کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستانی لێکەوتووەتەوە.