هونەرمەندی دیاری کورد جەمیل ئەحمەدی کۆچی دوایی کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

هونەرمەندی ناسراوی کورد و ناوچەی هەورامان، جەمیل ئەحمەدی کۆچی دوایی کرد و بڕیارە ئەمڕۆ تەرمی لە گۆڕستانی شارۆچکەی نەوسوودی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەخاک بسپێردرێت.
 
هونەرمەند جەمیل ئەحمەدی، شەوی دووشەممە، 4ی ئاداری 2024 بەهۆی نەخۆشییەوە لە شارۆچکەی نەوسوودی سەر بە شاری پاوەی کرماشان کۆچی دوایی کرد. 
 
تەرمی جەمیل ئەحمەدی دوێنی شەو لە نەوسوودەوە بۆ دادپزیشکیی شاری پاوە گوێزرایەوە و بڕیارە ئەمڕۆ ببرێتە مزگەوتی مەلا مەقسوود لە شارۆچکەی نەوسوود و دوای نوێژی مردوو لە سەر تەرمەکەی، لە گۆڕستانی ئەو شارۆچکەیە بەخاک بسپێردرێت.
 
هونەرمەند جەمیل ئەحمەدی یەکێک لەو هونەرمەندە دیارانەی کورد و ناوچەی هەورامان بوو کە گۆرانیی سیاچەمانەی هەورامی دەگوتەوە و دەیان بەرهەمی بە شێوەزاری هەورامی هەیە.
 
ئەو هونەرمەندە چەندین گورانیی هاوبەشی لەگەڵ عوسمان هەورامی و محەمەدحوسێن کێمنەیی هەیە.
 
لە ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجوومەنی میوزیکی کرماشان و فێرگەی دەنگی پاوەوە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا رێز لە هونەرمەند جەمیل هەورامی گیرا.
 
هەروەها لە ساڵی 2023دا، لە رێوڕەسمێکدا کە لە لایەن گرووپی سپاس پاوەوە رێکخرابوو، رێز لە کار و چالاکییەکانی ئەو هونەرمەندە گیرابوو.