فەردی تایفوور کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
فەردی تایفوور، هونەرمەندی بەناوبانگی تورکیا لە تەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
ئەمشەو، 2ـی کانوونی دووەمی 2025، فەردی تایفوور، هونەرمەند، میوزیکژەن و ئاوازدانەری بەناوبانگی تورکیا، کە ماوەیەکی زۆرە نەخۆشە و لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە ئەنتاڵیا چارەسەری وەردەگرت، لە هەمان نەخۆشخانە دا لە تەمەنی 79 ساڵی کۆچی دواییکرد.
فەردی تایفور، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2024، هەردوو گورچیلەکانی لەکارکەوتبوون و نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بۆ کرا.
هەفتەی رابردوو بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە، لە نەخۆشخانەیەکی شارۆچکەی مارماریس لە پارێزگای موغڵا خەوێندرا. بەڵام لەسەر داواکاری پزیشکەکەی، بە فڕۆکەیەکی ئەمبیوڵانس گوێزرایەوە نەخۆشخانە تایبەتەکەی ئەنتاڵیا.
فەردی تایفوور لە شەش رۆژی رابردوودا بێهۆش بوو، شەوی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاتەوە هۆش خۆی، بەڵام تەندروستیی جێگیر نەبوو. لە ماوەی رابردوودا دوو جار تووشی جەڵتەی مێشک ببوو.
هەواڵی کۆچی دوایی فەردی تایفوور میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە هەموو تورکیا و باکووری کوردستان تەنیوە. زۆربەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنەی پرۆفایلیان کردە وێنەی فەردی تایفوور.
فەردی تایفوور کێیە؟
ساڵی 1945 لە ئادانا لەدایکبووە
هونەرمەند، میوزیکژەن، ئاوازدانەر و ئەکتەر بوو
بە "فەردی باوک، فەردی پاشا و فەردی ئابێ" ناوبانگی دەرکردبوو
لە 1967ـەوە هونەرمەندە
لە 1974 ناوبانگی دەرکرد
33 گۆرانی سینگڵ و 24 ئەلبوومی هەیە
رۆڵی سەرەکی لە 36 فیلم گێڕاوە
رۆڵی سەرەکی لە 4 زنجیرە دراما گێڕاوە
4 رۆمانی نووسیوە
خێزاندارە و باوکی کوڕێک و سێ کچە