'ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر' خەڵات لە بواری تەلارسازییدا دابەش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
(ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر) سێ براوەکانی خەڵاتی (قەڵات) لە بواری تەلارسازییدا ئاشکرا دەکات. بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکار لە ناوەندەکە دەڵێت، ئەمە یەکەم خەڵاتی تەلارسازییە لە کوردستان و یەکەم ساڵیشە دابەش دەکرێت.
(ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر)، ئەمڕۆ شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024 لە رێورەسمێکدا سێ براوەکانی خەڵاتی (قەڵات) لە بواری تەلارسازییدا رادەگەیێنێت.
رێوڕەسمەکە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو لە کتێبخانەی " vision education" لە زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
محەممەد فاتیح، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە (ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر) بە رووداوی گوت: "خەڵاتی قەڵات یەکەم خەڵاتی تەلارسازییە لە کوردستان و یەکەم ساڵیشە دابەش دەکرێت، بەڵام لەمەودوا دەبێتە خەڵاتێکی ساڵانە و تەلارسازان دەتوانن بە کارە جیاوازەکانیان رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی بکەن."
محەممەد فاتیح گوتی: "سێ براوەکان لەلایەن لیژنەیەکی 12 کەسی لە کۆی 50 تەلارساز هەڵبژێردراون. خەڵاتەکەش کە جامێکی دیزاینکراوە و لەسەر شێوازی دەرگای قەڵاتی هەولێرە لەلایەن هونەرمەندێکی شاری سلێمانی بەناوی سەباح ئەحمەدەوە دروستکراوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندەکە، " 50 کەس پڕۆژەیان پێشکێش کرد بە مەبەستی بردنەوەی خەڵاتەکە و 12 کەس بەربژێرکران، بەڵام دواجار تەنیا سێ تەلارسازی گەنج براوە دەبن. جگە لە خەڵاتی قەڵات، بڕی 2500 دۆلاریش بە سێ یەکەمەکان دەدرێت".
حەوت مەرج بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن ناوەندەکەوە دیاریکراون و پێویستە کێبڕکێکار لە کۆی 100 خاڵ زۆرترین بەدەستبهێنێت. مەرجەکانیش ئەمانەن:
1. داهێنان لە میراتی تەلارسازی كوردی (25 خاڵ)
2. بەردەوامی سەرنجدان بۆ ژینگە (20 خاڵ)
3. كارایی و پراكتیكاڵبوون (15 خاڵ)
4. تەبایی لەگەڵ كۆنتێكست (15 خاڵ)
5. جوانی ئەستێتیكی و كاریگەری بینراو (10 خاڵ)
6. پاراستن و گونجاندنی میرات (10 خاڵ)
7. جۆری پێشكەشكردن (5 خاڵ)
لەبارەی گرنگیی خەڵاتەکە بۆ تەلارسازە براوەکان، محەممەد فاتیح دەڵێت، "ئەم خەڵاتە دەتوانێت هانی تەلارسازان بدات بۆ کاری باشتر لە بوارەکەی خۆیاندا؛ هەروەها بۆ پەرەپێدانە بە توانای تەلارسازان بۆ ئەوەی سوود لە کولتووری کوردی وەربگرن لە کاتی دیزانکردندا".
لە رێوڕەسمەکەدا کۆمەڵێک گوتار پێشکێش دەکرێن و دواتر بۆ نزیکەی 45 خولەک پانێڵێک لەبارەی پەیوەندیی نێوان تەلارسازی و کولتوور لەلایەن هەریەکە لە د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، د. نەرمین عەلی ئەمین، پسپۆری شوێنەوارناسی و مێژوو و د. مەحموود خەیات، تەلارساز و مامۆستای زانکۆ پێشکێش دەکرێت؛ لە کۆتاییشدا خەلاتەکان بەسەر براوەکاندا دابەشدەکرێن.