فیلمی دەرهێنەرێکی کورد لە ئەفریقیا یەکەم بوو
رووداو دیجیتاڵ
کورتە فیلمی 'زەویی قەلەڕەشەکان'ی دەرهێنەری کورد محەممەد دەربەندیخانی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەفریقیا بۆ کورتە فیلم کە لە نەیجیریا بەڕێوەچوو پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، بەمەش فیلمەکە لە ئەمساڵدا بووە خاوەنی شەش خەڵات.
محەممەد دەربەندیخانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تەمموزی 2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاگادارکرامەوە فیلمی زەویی قەلەڕەشەکان لەکۆی 900 فیلم بە باشترین کورتەفیلمی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی ئەفریقیای باشوور لە نەیجیریا دیاریکراوە و بڕیارە بەنزیکانە خەڵاتەکە وەربگرم".
سەبارەت بە فیلمەکە و ناوەڕۆکەکەی روونیکردەوە: "کورتە فیلمەکە ماوەکەی 7 خولەک و 18 چرکەیە و لە بیرۆکەیەکی زانا سیگمۆند فرۆیدەوە سەبارەت بە کاریگەریی وەرگرتنی خەسڵەتەکان لەباوکەوە وەرگیراوە، فیلمەکە باس لە کاریگەرییەکانی باوک لەسەر مناڵ و سەرۆک لەسەر نەتەوەکەی دەکات، لە فیلمەکە منداڵێک دەیەوێت بە تۆپی پێ لەبری هێزی سەربازی و جەنگ جیهان بگۆڕێت".
فیلمەکە لە جۆری رۆمانە فیلمە و بێدەنگە، هەریەک لە سامان محەمەد، سەرکۆ فەتاح، بیلال محەممەد رۆڵی تێدادەبینن. سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن هەمزە ئەحمەدەوە نووسراوە، زانا جەلال وێنەی گرتووە و لەلایەن ئەنوەر عەزیزیشەوە مۆنتاژکراوە.
فیلمی زەویی قەلەڕەشەکان لەمانگی ئاداری ساڵی 2021 بەرهەمهاتووە و تاوەکو ئەمڕۆ شەش خەڵاتی لەم فیستیڤاڵانە بەدەستهێناوە:
- هیندستان، خەڵاتی باشترین فیلم، لەکۆی 76 فیلم.
- هیندستان، خەڵاتی باشترین دەرهێنان لەکۆی 321 فیلم.
- ئەڵمانیا، خەڵاتی باشترین دەرهێنان لەکۆی 96 فیلم.
- سوس لە مەغریب، خەڵاتی باشترین فیلم لەکۆی 271 فیلم.
- ئەمریکا، خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە کۆی 97 فیلم.
- نەیجیریا، خەڵاتی باشترین کورتەفیلم لەکۆی 900 فیلم.