بەرپرسی وەشانخانەی خانی: دەبێت نووسەرانی نوێ، بەرهەمی نووسەر و شاعیرانی کلاسیک بخوێننەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی وەشانخانەی خانی، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی شازدەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە شاری هەولێر داوا لە نووسەرانی ئێستا دەکات، بۆ بەهێزکردنی زمانی نووسینیان، بەرهەمی شاعیرانی کلاسیک بخوێننەوە.
 
16ـەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر کۆتایی هات. ئەمساڵ چوار وەشانخانە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە سەدان ناونیشانی جیاوازی کتێبەوە بەشداربوون و لە لایەن خوێنەرانی کتێبەوە پێشوازییان لێکرا. یەک لەوانە وەشانخانەی خانی بوو کە لە چەند ساڵی رابردوودا، لە بواری ئەدەبی و فەلسەفیدا، دەیان ناونیشانی جیاوازی کتێبی چاپ و بڵاوکردووەتەوە. 
 
16ـەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە 17ی ئەم مانگە دەستیپێکرد و 10 رۆژ بەردەوام بوو.
 
ئازاد حەسەنی بەرپرسی وەشانخانەی خانی بە رووداوی گوت؛ ئەم پێشانگەیە دەرفەتێکی زۆرباشە کە چەند ساڵێکە وەشانخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش تێیدا بەشدارن و دەبێتە هۆی دروستکردنی پردێک لەنێوان نووسەران و خوێنەراندا. 
 
ئازاد حەسەنی سەبارەت بە دۆخی زمان و ئەدەبی ئەمڕۆی کورد گوتی: "پێویستە بەرەی نوێی نووسەران و وەرگێڕان، بۆ ئەوەی زمانی ئەدەبییان پتەو بێت و بتوانن بە بەرهەمەکانیان بە باشی لەگەڵ خەڵکدا پەیوەندی دروست بکەن، کتێبی نووسەران و شاعیرانی کلاسیکی بخوێننەوە". 
 
بەبڕوای حەسەنی ئەمڕۆ زۆربەی ئەو نووسەر و وەرگێڕانەی کتێبەکانیان چاپ و بڵاو دەکەنەوە، بە باشی شارەزای ئەدەبی کلاسیکی کوردین، "ئەوەش وایکردووە وەرگێرانەکانیان جێگەی متمانە بێت.
 
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا، ئازاد حەسەنی باس لە کێشەکانی وەشانخانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات و دەڵێت: "ناکرێ دۆخی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لەگەڵ دۆخی ژیانی رۆژانەی خەڵک جیا بکرێتەوە و ئەو دوو بوارە بە تەواوی پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە."
 
بە گوتەی ئازاد حەسەنی بەربەستەکانی بەردەم چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب زۆرن، بەڵام وەشانخانەکان بەردەوام رێگەی نوێیان دۆزیوەتەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کێشانەدا و بەردەوامبوون لە کارەکانیاندا.