لە فێستیڤاڵی کان فیلمە کلاسیکییەکان لە کەنار دەریا پێشاندەدرێن

رووداو دیجیتاڵ

سینەمایەکی کراوە لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، بەناوی "سینەمای دولا پلاژ" هەموو ساڵێک بۆ ماوەی 12 شەو لە کان دەکرێتەوە بۆ پێشاندانی فیلمە کلاسیکییەکان.
 
خێزانی برێکنەر یەکەم شەویان لە کان لەسەر لمی ئەم کەنار دەریایە و بەدیار سەیرکردنی فیلمێکی جاکی چان بەسەر برد، ماکسی کوڕە گەورەیان هەرچەند لە نەوەی نوێیە، بەڵام بەلای ئەو فیلمی کلاسیک زۆر جوان و چێژبەخشە.
 
ماکسی برێکنەر، بینەری فیلمە و بە رووداوی راگەیاند: "ئەم شوێنە نایابە، کەنار دەریایە و کان شاری فیلمە، ئەزموونێکی خۆشە کە لێرەم، ئەوەشم زۆر بەلاوە خۆشە سەیری فیلمی کۆن و کلاسیک دەکەم".
 
کارستن برێکنەر، بینەرێکی دیکەی فیلمە و لە سینەمای کراوەی کەنار دەریا سەیری فیلمی دەکرد و گوتی: "فیلمی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە، شوێنێکی ئارامە و لە کەش و هەوایەکی کراوەیە و زۆر خۆشە بەلامەوە".
 
تێکۆ و خۆشەویستەکەی نەبوونی گەنمە شامی و دەنگە دەنگی خەڵک، وای کردووە ئەم جۆرە سینەمایە بەلایانەوە سەرنجڕاکێش نەبێت.
 
تێکۆ کۆسی، گوتی: "بۆ من سینەمای داخراو خۆشترە، سینەمای ئاوا کراوەش خۆشە بەس هەموو کاتێک نا، بۆ نموونە ئێستا ناتوانین گەنمەشامی و خواردنەوەمان لێرە هەبێت".
 
گاستۆن، یەکێک لەو کەسانەیە بەو شەقامە تێپەڕیوە و نیازی پیزا خواردنی هەبووە، ئەو پیزایەکی کڕیوە و تا پیزاکەی هەموو خوارد لەسەر لێواری دیواری سینەماکە سەیری فیلمەکەشی کرد.
 
گاستۆن برینکسپۆنس بینەرێکی دیکەی فیلمەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "هیچ کات نەچوومەتە سینەمای کراوە، بۆ من ئەزموونێکی خۆشبوو ئاوا لە کەنار دەریا".
 
جۆی شان، ئەویش هۆگری فیلمە و دڵخۆشە بە بینینی فیلمەکەی جاکی چان لە فێستیڤاڵەکەدا و گوتی: "من لێرەم لە باشترین فێستیڤاڵی فیلم و سەیری فیلمێک دەکەم کە هی وڵاتەکەی منە، بۆیە زۆر هەستێکی خۆشە بۆم".
 
13 فیلم لە شەوانی فێستیڤاڵ لەم سینەمایە پێشاندران، بەشێکیان کلاسیکن و کۆنترینیان بەرهەمێکی ساڵی 1974ـە، لە سینەماکە جێگەی نزیکەی 200 کەس لەسەر کورسی دەبێتەوە، لە دوای ئەوە خەڵک دەبێت لەسەر لمی کەنارەکە دانیشن.