نمایشی شانۆگەریی "هاوژینی ژنەکەم" لە ئامەد کاردانەوەی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو کاژێر 20:15 خولەکی شەوی رابردوو لە هۆڵی شانۆی ئامەد، شانۆگەری "هاوژینی ژنەکەم" نمایش بکرێت کە لەلایەن نووسەری کرواتی میرۆ گاڤرانەوە نووسراوە. ژمارەیەک کەس هەڵیانکوتانە سەر باڵەخانەی شانۆی دەوڵەت و ناڕەزاییان دەربڕی.
هێرشەکە بەر لە دەستپێکردنی نمایشەکە بوو بە کاژێرێك، ئەو کەسانە چوونە بەردەم باڵەخانەکە، لە بەرامبەر نمایشکردنی شانۆگەرییەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و ویستیان بچنە نێو هۆڵەکە.
یەکێك لە کەسە ناڕازییەکان گوتی، "چۆن ژنێک دوو هاوژینی هەبێت؟ ئەمانە دژی داب و نەریتی ئێمەن".
بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە پۆستەری شانۆنامەکە و ناو و دیمەنەکانی سەر پۆستەرەکە بێ ئاگاداری بەڕێوەبەری گشتیی شانۆی دەوڵەتی ئامەد گۆڕانکاری بەسەردا هات. ناوی شانۆگەرییەکە لە "هاوژینی ژنەکەم"ەوە گۆڕدرا بۆ "کۆمێدیای هاوسەرگیری".