جۆرج لۆکاس لە فێستیڤاڵی کانەوە بۆ رووداو: 52 ساڵە بەردەوام لە کانم
رووداو دیجیتاڵ
کاتێک باس لە جۆرج لۆکاس دەکرێت، مێژوویەکی دێرین و شاکارە سینەماییەکان بیر هۆگرانی فیلم دێتەوە، ئەمساڵ لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، خەڵاتی شانازیی چڵەخورمای زیڕینی پێبەخشرا.
ساڵانە لە فێستیڤاڵەکەدا، ئەستێرەیەکی سینەمای جیهان رێزی لێندرێت و خەڵاتی شانازیی فێستیڤاڵەکەی پێدەبەخشرێت، ئەویش خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینە، ئەمساڵ خەڵاتەکە بەو فیلمسازە بەخشرا، خولی رابردووش بە مایکل دۆگلاس، ئەکتەری ئەمریکی بەخشراوە.
جۆرج لۆکاس (79 ساڵ) بەرهەمهێنەر، نووسەر و دەرهێنەری زنجیرە فیلمی سینەمایی "Star Wars" بوو تاوەکو بەشی "Star Wars: Episode III – Revenge of the Sith"ـە لە 2005، هەروەها بەرهەمهێنەرەی زنجیرە فیلمی "Indiana Jones"ـە.
جۆرج لۆکاس، کاتێک سەرقاڵی واژۆکردن بوو بۆ بەشێک لە هەوادارانی لە فێستیڤاڵەکەدا، رووداو پرسیاری ئەوەی لێکرد، پاش ماوەیەکی زۆر دووبارە گەڕایەوە بۆ کان، دەتەوێ چی بە خەڵک بڵێی؟
لۆکاس، لە وەڵمدا گوتی: "دڵخۆشم لێرەم. یەکەمجار کە هاتمە ئێرە 52 ساڵ پێش ئێستا بوو. لەوکاتەوە بەردەوام دێم".
ئەمساڵ ئەو فیلمسازە جیهانییە ناوی لە ریزبەندی یەکەمی لیستی دەوڵەمەندترین کەسایەتییە نێودارەکاندا هات، سامانەکەی بە 5.5 ملیار دۆلار خەملێندراوە.
لۆکاس، لە 2012 کۆمپانیای تایبەت بە خۆی بەناوی "لۆکاس فیلم" بە بڕی چوار ملیار دۆلار بە کۆمپانیای دیزنی فرۆشت، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی دەوڵەمەندییەکەیەتی.
لە دەستپێکی کاری هونەرییدا، وەک نووسەر و دەرهێنەر کاری بۆ فیلمی "American Graffiti" لە 1973 کرد کە بەربژیری پێنج خەڵاتی ئۆسکار بوو، لەوانە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و باشترین فیلم.
یەکەم سەرکەوتنی ئەو دەرهێنەرە لە رووی داهاتەوە، لە رێگەی فیلمی "Star Wars: Episode IV – A New Hope" بوو لە 1977، ئەوکات وەک پڕداهاتترین فیلم دەستنیشانکرا کە 775 ملیۆن و 398 هەزار دۆلار بوو، هەروەها توانی شەش خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستبێنێت.