هەڵکەوت مستەفا: ئامانجمە لەڕێگەی 'فاروق'ـەوە زانیاری پەروەردەیی بدەمە بینەران
رووداو دیجیتاڵ
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، سەرقاڵی پڕۆژەیەکی نوێی بەڵگەفیلمە بەناوی "فاروق" و تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارە. فیلمەکە چیرۆکی زانایەکی جیۆلۆجی عێراقی دەگێڕێتەوە کە توانی پەرە بە کەرتی نەوتی نەرویج بدات بۆ خزمەتکردنی خەڵکەکەی و ئابووری ئەو وڵاتە پێش بخات، دواتر ئەو هەوڵەی وەک مۆدێلێکی سەرکەوتوو لە جیهاندا پێناسە کراوە و بە "مۆدێلی نەرویج" لەو بوارەدا دەناسرێت.
لە چوارچێوەی رووماڵی رووداو بۆ چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە جەدەی سعودیە، هەڤپەیڤینێک لەگەڵ دەرهێنەر هەڵکەوت مستەفا ئەنجامدرا و باس لە وردەکاریی بەرهەمهێنان و پەیامی چیرۆکی فیلمەکە کرا.
هەڵکەوت مستەفا، لەبارەی پڕۆژە نوێیەکەی گوتی، فاروق ئەندازیارێکی عێراقی بووە و لە 1968 توانی نەوتی نەورویج رێک بخات و لە دەستی سیاسی و کۆمپانیاکان دەریبهێنێت و یاسای بۆ نووسیوە. داهاتی نەوتی بۆ خزمەتکردن و پێشخستنی کۆمەڵگەی نەرویجی بەکارهێناوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەک کوردێک زۆر تامەزرۆ بووە بزانێت بۆچی پیاوێکی عێراقی ئەو پێگە گەورەیەی لە یەکێک لە باشترین وڵاتەکانی دنیادا هەبووە و نهێنی سەرکەوتنی نەرویج لە کەرتی نەوتدا چییە؟ گوتیشی، لەگەڵ ئەو ئەزموونە هاوبەشەی لەگەڵ رووداو لە بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" هەیبوو، هۆکارێکی دیکە بووە پێکەوە کار بۆ پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتیی بکەنەوە.
دۆزینەوەی کارەکتەری بەڵگەفیلمەکانی هەڵکەوت مستەفا هێندە ئاسان نین، لە فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" کارەکتەری عەلا نامیق و لە فیلمی "فاروق" گەیشتن بوو بە فاروق قاسم. هەڵکەوت مستەفا لەمبارەیەوە دەڵێت، فاروق یاسای نەوتی بۆ چەندین وڵاتی جیهان نووسیوە و لە نەرویج ناوێکی درەوشاوەیە، خەڵاتی شانازیی شای نەرویجی هەیە. چەندین جار پەیوەندی بەو کەسایەتییەوە کردووە و ئێستا لە تەمەنی 89 ساڵیدایە. لە 2020 توانی رەزامەندیی وەربگرێت بۆ یەکەم دیداریان و پێنج رۆژ لە ماڵەکەیدا ماوەتەوە، گوتیشی: "کە هاتمە دەرەوە هەستم کرد پێنج ساڵی زانکۆم خوێندووە، هەموو ئەو شتانەی لەبارەی رێکخستنی کۆمەڵگە باسی دەکرد، چۆن جیاوازیی کۆمەڵایەتیی کەم بکەیتەوە، چۆن نەوت و داهات نەبێتە هۆکاری بێئەقڵکردنی کۆمەڵگە، ئەمە شتە سەرنجڕاکێشەکە بوو، چونکە هەندێ جار وەکو خۆمان دەیبینین دەبێتە سەرلێشێواوی کۆمەڵگە و دروستکردنی جیاوازی".
پەیامی فیلمەکە ئەوەیە، چۆن پارە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و کەمکردنەوەی جیاوازیی و بونیاتنان و پاراستنی نەوەکان بەکاربهێندرێت. ئەمە لە دەستووری نەرویجدا هەیە.
روونیشیکردەوە، پەیامێکی دیکەی فیلمەکە ئەوەیە، چۆن ئەقڵێکی عێراقی لە وڵاتەکەی خۆیدا شوێنی نەبووەوە. فاروق ئەو کەسەیە کە عێراق بۆ خوێندنی زانستی جیۆلۆجیا بۆ لەندەنی نارد، بۆ ئەوەی نەوتی عێراقی خۆماڵی بکات، بەڵام لە کۆتایی قۆناخی خوێندندا ئاشقی کچێکی نەرویجی دەبێت و ئەو چیرۆکە فاروقی بردووەتە وڵاتی خۆشەویستەکەی.
هەروەها گوتی، پڕۆژەکە پەیوەندی بە ئایندەوە هەیە، ئەو دەیەوێت لە دیدگە و تێگەیشتنی فاروقەوە وێنەیەکی ئایندە بکێشێت، بە گۆڕانی کەش و هەواوە کە فاروق بۆ خۆی خەڵکی بەسڕەیە و یەکێک لە گەرمترین شارەکانە. چۆن بتوانن وێنەیەک بکێشن کە مرۆڤایەتی خۆی تێدا ببینێتەوە. پڕۆژەکە بۆ ئەو کەسانەیە کە بەدوای زانست و زانیارییەوەن، بۆ هەموو لاوەکانی دنیایە کە لە سەرەتای ژیانیاندان، لە تەمەنی 18 ساڵی و بەرەو سەرەوەن و دەیانەوێت داهاتوویەک بۆ خۆیان دیاریی بکەن، دەتوانن زۆر شت لەو فیلمە فێر بن، چونکە بۆ خۆیشی وەک دەرهێنەر زۆر شت لەو فیلمە فێربووە.
فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور، لە فێستیڤاڵە گرنگەکانی فیلمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا، پاڵپشتی پڕۆژە سەرکەوتووەکانی فیلم دەکات، بەشێکی تایبەت بە پەرەپێدانی پڕۆژەکان هەیە، پڕۆژەی بەڵگەفیلمی "فاروق" لە نێو ئەو 12 پڕۆژانەدایە کە سعودیە پاڵپشتی دەکات و وەک رووی سینەمای خۆی دەیناسێنێت. پێشتریش ئەو فێستیڤاڵە پاڵپشتیی بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن"ـی کردبوو.
هەڵکەوت مستەفا لەبارەی پاڵپشتی فیلمەکانی لەلایەن فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت، بە بڕوای ئەو ئەمە پەیوەندی بە کوالیتی کارەکانەوە هەیە، ئەو چەندین ساڵ بیر لە شتێک دەکاتەوە ئینجا بڕیار دەدات ئەنجامی بدات، سعودیە و ئەو وڵاتانەی لە فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" بەشداربوون، زۆر بە سەرکەوتنی فیلمەکە دڵخۆشن، فیلمێک توانی ببێتە پڕبینەرترین بەڵگەفیلمی بۆکس ئۆفیسی وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش دەرگایەکی گەورەی بە رووی ئەودا کردووەتەوە.
روونیشکردەوە، لە فێستیڤاڵەکەدا کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمپانیای نێتفلێکس هەبووە و تامەزرۆبوونە کارێک لەم ناوچەیە بکرێت و بەهرەیەک لە پشتی کارەکەیانەوە بێت، وڵاتێکی وەکو تایوان دەیەوێت لە پڕۆژەی بەڵگەفیلمەکەی بەشدار بێت. هونەر دەتوانێت دەرگایەکی گەورەت بۆ بکاتەوە، دەیەوێت وەک کوردێک ئەو پێگەیەی ئێستا بەدەستی هێناوە، بتوانێت لە خزمەتکردنی چیرۆکەکانی کورد بەکاری بهێنێت.
سعودیە چەند ساڵێکە سەرقاڵی بونیاتنانی سینەمایە لە وڵاتەکەی، بەتایبەتیش لە رێگەی فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوورەوە کە پاڵپشتی پڕۆژە سینەماییەکان دەکات، سعودیە بە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی "فاروق" دەیەوێت بیکات بە رووخساری سینەمای خۆی.
هەڵکەوت مستەفا لەمبارەیەوە دەڵێت، تێگەیشتنی ئەو بۆ پاڵپشتی پڕۆژەکە لەلایەن سعودیەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو وڵاتە بەدوای بەهرەیەکی تایبەتدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بیکات بە رووخساری خۆی، هەڵبژاردنی ئەو لەلایەن ئەو وڵاتەوە پەیوەندی بە چیرۆکەکان، شێوازی کارکردن و بە بازاڕکردنی ئەو بۆ بەرهەمەکانی هەیە. ئەمەش دەبێتە بە بازاڕکردنێک بۆ سعودیە، دواجار ئەو وڵاتەش دەیەوێت بە بازاڕکردن بۆ خۆی بکات.
گفتوگۆی دەرهێنەر لەگەڵ فاروق قاسم تەواو بووە و ئێستا لە قۆناخی مۆنتاژدایە، بە گوتەی هەڵکەوت مستەفا، لە کۆتایی 2025 کارەکانی فیلمەکە تەواو دەبێت و لە سەرەتای 2026 لە سینەماکان پێشاندەدرێت. سعودیە ئامانجیەتی یەکەم پێشاندانی جیهانی ئەم بەرهەمە لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور بێت.
لەبارەی پێشبینیی بۆ دەنگدانەوەی بەڵگەفیلمە نوێیەکەی گوتی، ئامانجیەتی زانیاری پەروەردەیی لەگەڵ بینەرەکانیدا بەش بکات. ئەو لە نەرویجەوە فێربووە مرۆڤ دەتوانێت سەرچاوی دارایی خۆی بۆ خزمەتکردن و پێگەیاندنی ئەقڵی خۆی بەکاربهێنێت، وەک لە سەرلێشێواندن. مۆدێلی نەرویجی بریتییە لە جیاکردنەوەی داهات لە حکومەت، ئەو داهاتە بۆ بونیاتنان و پاراستنی نەوەکانی داهاتوو بەکاردەهێندرێتەوە. هەروەها لە بیرۆکەی فاروقدا ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشاوە ئەوەیە کە بیری جیۆلۆجی سنووری نییە، مرۆڤ دەتوانێت پەیوەندییەکی سرووشتی لەگەڵ رۆحدا دروستبکات و دنیابینییەکی گەورەتری لەلا دروستببێت.
پڕۆژەی بەڵگەفیلمی "فاروق" توانی لە پێشبڕکێی خەڵاتەکانی بەشی بازاڕی چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور، خەڵاتی راوێژکاری بەدەستبێنێت.
فێستیڤاڵەکە ئەمساڵ بە درووشمی "سینەما ماڵی نوێی هەیە"، لە 5 بۆ 14ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە جەدەی سعودییە بەڕێوەچوو، تێیدا 120 فیلم لە 81 وڵاتەوە بەشداربوون، لەوانە 63 فیلمی درێژ و 54 کورتە فیلم، لەو فیلمانە 20یان رێوڕەسمی فەرشی سووریان هەبوو و ستافی فیلمەکان ئامادە بوون. تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە فێستیڤاڵەکە رووماڵی چالاکییەکانی کرد، ساڵی رابردووش رووماڵی ئەو رووداوە سینەماییەی کردبوو.
فاروق قاسم، زانایەکی جیۆلۆجی نەوتە، عێراقی - نەرویجییە، لە 1934 لە بەسرەی عێراق لەدایکبووە، رۆڵی هەبووە لە پەرپێدان و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی نەوت لە نەرویج، بەهۆیەوە ناوبانگی پەیداکردووە. لە بواری جیۆلۆجیای نەوتدا لە زانکۆی لەندەن خوێندوویەتی و لە 1957 گەڕاوەتەوە عێراق، ئێستا لە نەرویج دەژی.