فیلمی کچێکی کورد لە فێستیڤاڵی بەرلینالە پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لە کچە دەرهێنەرێکی کورد کرا. ئەو دەرهێنەرە فیلمەکەی بە ناوی "sieger sein" کە ماناکەی بە کوردی واتە "براوەبە" لە بەشی جێنەرەیشنی بەرلینالە ئەم ساڵ نمایشکراوە.
ئەو کچە کوردە ناوی سۆلین یوسفە، خەڵکی دهۆکە و لە بەرلین دەژی. چیرۆکی فیلمەکەیشی تەواو کوردییە.
سۆلین دەڵێت، پەیامی سەرەکیی فیلمەکەی ئەوەیە، "ئەو مرۆڤانەی دیاسپۆرا کە وەک پەنابەر لێرە دەژین، تەنیا پەنابەر نین و هەواڵ نین، ئەوانە مرۆڤن و هێزیان هەیە هیوا و خەونیان هەیە."
فیلمەکە باس لە چیرۆکی ماڵباتێکی کورد دەکات لە کۆبانێ کە ناچاربوونە نیشتمانیان جێبهێڵن و بچنە ئەڵمانیا، لەوێ کچە بچووکەکەیان لە قوتابخانە تووشی چەندین بەربەست و مامەڵەکردنی خراپ دەبێت وەکو پەنابەرێک.
دیلەیلا یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکەیە، کچێکی ماردینییە و لە بەرلین لەدایکبووە. دەڵێت، "سەرەتا نەمدەزانی چۆن رۆڵەکە بگێڕم، بەڵام دواتر سۆلین پێی گوتم کە چۆنە رووداوەکە کە لە سووریاوە دێن بۆ ئەڵمانیا، دواتر باش و باشتر رۆڵم گێڕا."
ئەو فیلمە لە دهۆک و بەرلین وێنە گیراوە، سۆلین ماوەی پێنج ساڵ خەریکی ئەو کارە بووە و ماوەی فیلمەکە 120 خولەکە.
ئیلاف روباعی، عەرەبە و بینەری فیلمەکە بووە، دەڵێت: "فیلمەکە باشترینە، چونکە بیرۆکەکە باسی منداڵان دەکات بەتایبەت پەنابەرەکان، منداڵەکان فێری گیانی هاوکاری دەکات."
سابینا کرۆنەر، ئەڵمانییە و ئەویش فیلمەکەی بینیوە. پێی وایە "فیلمەکە سەرسوڕهێنەرە، چیرۆکێکی زۆر گرنگ دەگێڕێتەوە لە شارێکی گەورەی وەک بەرلین کە کەسی تووندڕەوی تێدایە، ئێمە چیرۆکی ئاوامان لەم شارە هەیە، پێویستە ببینرێت و ببیسترێت و گوێی لەو دەنگانە و لەو کەسانە بگیرێت."
سۆلین ماوەی 17 ساڵە لە سینەما کار دەکات، "براوەبە" دووەم فیلمی درێژیەتی و پێشتر فیلم و کورتەفیلم و زنجیرەشی بەرهەمهێناوە بۆ نێتفلێکس و ئەمازۆن و دیزنی پڵەس.