ئادەم ساندلەر بۆ رووداو: لە هەموو شوێنێک خەڵک لەگەڵمان رووخۆش بوونە
رووداو دیجیتاڵ
ئادەم ساندلەر، ئەکتەری ناسراوی سینەمای هۆلیوود و جیهان و پاڵەوانی فیلمی "The Waterboy" و "Big Daddy"ـی، لە 74ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین ئامادەبوو و بە فیلمێک لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە.
ئەو ئەکتەرە ئێوارەی چوارشەممە 22ـی شوباتی 2024 یەکێک لە ئەستیرە درەوشاوەکانی سەر فەرشی سووری 74ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بوو و بە فیلمی 'Spaceman' لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە.
ئادەم ساندلەر، لەبارەی ئامادەبوونی لە فیستیڤاڵەکەدا و پێشوازیکردن لێی، بە رووداوی راگەیاند: "کاتێکی ناوازەم هەبووە لێرە و هەموویان زۆر رووخۆش بوون. دەچینە هەر شوێنێک خەڵک لەگەڵمان رووخۆش بوونە و نانی ئێوارەی ناوازە و کاتێکی خۆشمان هەبووە". گوتیشی "ئەمە شەوێکی قەشەنگە و لەبیری ناکەین".
ساندلەر، سامانەکەی لە 2020 بە 420 ملیۆن دۆلار خەملێندرا، دواتر رێکەوتنێکی لەگەڵ نیتفلێکس واژۆکرد بۆ چوار فیلمی نوێ لەبەرامبەردا 250 ملیۆن دۆلاری وەرگرت.
74ـەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە 15-26ـی شوباتی 2024 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و 20 فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا بەشدارن و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین دەکەن و بە سەتان فیلمساز و هونەرمەند بەشدارن و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی چالاکییەکانی دەکات.
لە خولی ئەمساڵدا 233 فیلم لە 80 وڵاتەوە بەشدارن، زۆربەیان بەرهەمی هاوبەشی کۆمپانیاکانن، 20 فیلم لە بەشی پێشبڕکێدان کە بەرهەمی هاوبەشی 30 وڵاتن و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکەن، لەو فیلمانە 19ـیان پێشاندانی یەکەمی جیهانییان لە فێستیڤاڵەکەدا دەبێت، لەوانەش دوو فیلمی بڵند و بەڵگەفیلمێک لە ئەڵمانیاوە.