سیلینا محێدین گۆرانیبێژێکی کوردە و هەوڵ بۆ بە جیهانیبوون دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سیلینا محێدین دەنگی نوێ و خۆشی هەیە. خەونی گەورەی هونەریی هەن. ئەو لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و لەو نەوەیەی دیاسپۆرای کوردییە کە دەیانەوێ نێوبانگی جیهانی بۆ کارەکانیان پەیدا بکەن.
سیلینا لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، دەیەوێ لە رێگەی هونەرەکەیەوە ناوبانگیی جیهانی بەدەستبێنێ و دەڵێت "تەمەنم 22 ساڵە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووم، لە منداڵییەوە حەزم لە کۆرسەکانی هونەری بوو و بەشدارییم لە کۆرسی میوزیک و ئەکتەریدا کردووە".
سیلینا محێدین، لە بارەی تێکستی گۆرانییەکانەوە دەڵێت "خۆم تێکستی گۆرانییەکانم دەنووسم، کاتێک تەمەنم 13 ساڵ بوو یەکەم تێکستی گۆرانیم نووسی، یەکەم گۆرانیشم بەناوی "ئاروف تاون" لە 2023 بڵاوکردەوە".
محێدینی باوکی یەکێک بووە لە هاندەر و هاوکارەکانی سیلینای کچی، ئەو حەزی گۆرانی و میوزیکی لای سیلینا دروستکردووەو خۆشی ئاماژە بەوە دەکات، باوکی رێگەی هونەری پیشانداوە.
سیلینا هەرچەند لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، بەڵام بە کوردییەکی پاراو قسە دەکات و دەڵێت "پاراستنی کولتوور و زمانی کوردی زۆر گرنگە لەلام".
جگە لەکاری میوزیک و گۆرانی سیلینا محێدین ئارەزوویەکی زۆری بۆ هونەری سینەما هەیە و دەڵێت "حەز دەکەم لە داهاتوودا ببمە ئەکتەر و بەو هۆیەوە کتێبێکی 300 لاپەڕەییم لەسەر فیلم نووسیوە و ناردوومە بۆ هۆلیوود و ئامانجمە ببمە ئەکتەرێکی پرۆفیشناڵ".
سیلینا محێدین بەکالۆریۆسی لە بازرگانیی هەیە و لە کۆمپانیایەکی بەبازاڕکردن کاردەکات.