فەرهاد چۆمانی: نەوەی ئێستا باشتر بەرەوڕووی کتێب دێت
رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی زانکۆ لە بەریتانیا باس لە جیاوازی دۆخی خوێندنەوە لە کوردستان و بەریتانیا دەکات و دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی بەریتانیا لە ریزبەندی پێنج باشترین خوێنەرەکانی جیهانن، بەڵام بە پێی توێژینەوەیەکی کۆلێژی لەندەن، تەنیا 20٪ دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەلایەن سیاسەتمەدار، بازرگان و میدیاکارانەوە ناتواندرێ هەڵبخەڵەتێندرێن، جا گەر ئەمە دۆخی خوێنەرانی بەریتانیا بێت، دەبێت رێژەی ئەو خوێنەرانەی لە کوردستانن دەبێت چەندبێت کە بەهۆی خوێندنەوە ئاستی هۆشیاریان بەرزە و هەڵناخەڵەتێندرێن".
لە شازدەمین پێشانگەی کتێب لە هەولێر کە نزیکەی 300 وەشانخانەی هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی و جیهانیش بەشدارن، رۆژانە خوێنەران و نووسەران سەردانی پێشانگەکە دەکەن، هاونیشتیمانییان لە شارەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەی وڵات هاتوون و بەشداری پێشانگەکەیان کردووە.
لەبارەی دۆخی کتێب لە باشووری کوردستان و کاریگەری ئەو پێشانگەیانە بەسەر نوێکردنەوەی دۆستایەتی نێوان کتێب و خوێنەران، رووداو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ فەرهاد چۆمانی، نووسەر و وەرگێڕ و رەوا هەژار، مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی نۆتینگهامی بەریتانیا سازکرد.
فەرهاد چۆمانی، سەبارەت بە دۆخی خوێندنەوە و چاپکردنی کتێب و بڵاوبوونەوەی ناونیشانی تازە گوتی "هەندێک لە خاوەن دەزگەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، هیچ هاوکارییەکی ماددی نووسەر و وەرگێڕەکان ناکەن، بەڵکوو تەنیا دەڵێن کتێبەکەت بۆ چاپ دەکەین، کەچی گەر کتێبێک بە 6000 بفرۆشن و لەو کتێبەش 1000 دانە چاپبکەن، لانی کەم سوود لە 50٪ ئەو پارە دەبینن، کەچی دەڵێن ئێمە ناتوانین هیچ هاوکارییەکی مادیتان بکەین".
16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، لەلایەن دەزگەی مەدا بۆ میدیا، رۆشنبیری و هونەر بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رێکخراوە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی پێشانگەکەیە.