شڤان پەروەر بەبۆنەی 50 ساڵەی کاری هونەریی زنجیرە کۆنسێرتێک سازدەکات
رووداو دیجیتاڵ
شڤان پەروەر بەبۆنەی تێپەڕینی 50 ساڵ بەسەر دەستپێکی کاری هونەرییدا، رۆژی شەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە شاری دویزبۆرگی ئەڵمانیا زنجیرە کۆنسێرتێک دەستپێدەکات.
شڤان پەروەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو، کە هەفتانە کاژێر 21:00ـی هەینی پەخشدەکرێ، چیرۆکی زۆرتر لە 50 ساڵ هونەری خۆی دەگێڕێتەوە. باسی ئەوە دەکات کە چۆن بڕیاردرا ناوە هونەرییەکەی ببێتە (شڤان پەروەر). هەروەها باسی کۆنسێرتە جیهانییەکانی و دیدارێکی تایبەتی خۆی دەکات لەگەڵ شازادە دایانا و ویتنی هیوستن، گۆرانیبێژی بەنێوبانگی جیهانی.
سەبارەت بە کۆنسێرتەکانی، کە دامەزراوەی نێودەوڵەتیی کولتووریی شڤان پەروەر سازیاندەکات، ئەو هونەرمەندە بە رووداوی راگەیاند، "زنجیرە کۆنسێرتێکە لە ئەڵمانیاوە دەستپێدەکات و هۆڵەندا، بەریتانیا، فەرەنسا و ژاپۆن و زۆر وڵاتی دیکەی جیهان دەگرێتەوە. مانگی 2ـی ساڵی داهاتووش کۆنسێرتێكمان لە هەولێر دەبێ".
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بەوەی گۆرانیی نوێ لە کۆنسێرتەکانیدا دەگوترێن، شڤان پەروەر گوتی، "زۆرتر لە 20 گۆرانی ئامادەکراون و گەشتێکن بەنێو زۆرتر لە 50 ساڵ گۆرانیگوتنی مندا".
ئەوانەی دەیانەوێ بچنە کۆنسێرتەکانی شڤان پەروەر دەتوانن لە لاپەڕە فەرمییەکانی ئەو هونەرمەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زانیاریی زۆرتریان دەستبکەوێ.