لە ئامەد فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتیی فیلم بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

لە ئامەدی باکووری کوردستان، یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلم و کورتە فیلمی دیجلە بەڕێوەدەچێت.
 
فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە 'ناوەندی کولتوور و کۆنگرەی 15ـی تەمموز' دەستپێدەکات و تا 20ـی مانگ بەردەوام دەبێت. 
 
فێستیڤاڵەکە لەلایەن کۆمەڵەی رۆشنبیری و هونەری توێژەرانی سینەما رێکخراوە و بەڵگەفیلم و کورتە فیلمی جیهانی تێیدا بەشدارن. لە خشتەیەکدا بەرنامەی فێستیڤاڵەکە و ئەو فیلم و بەڵگەفیلمانەی کە نمایش دەکرێن؛ بڵاوکراوەتەوە. 
 
بەپێی ئەو خشتەیە، کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ فێستیڤاڵەکە دەستپێدەکات و لە سێیەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا کە 20ـی کانوونی یەکەم بەڕێوەدەچێت، لە کاژێر 14:00 ـدا خەڵات بەسەر براوەکاندا دابەش دەکرێت.