ئێران رێگە بە دوو دەرهێنەری ئێرانی نادات لە بەرلینالە ئامادەبن

رووداو دیجیتاڵ

'کێکی دڵخوازی من' ناونیشانی فیلمێکی ئێرانییە لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین پێشاندرا، بەڵام دوو دەرهێنەرەکەی ئامادە نەبوون، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران رێگەیان نەدا گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن.
 
تەنیا دوو ئەکتەری سەرەکی نێو فیلمەکە لە فێستیڤاڵەکە ئامادەبوون و لە پرێس کۆنفرانسێکدا، لیلی فەرهادپوور و ئیسماعیل میهرابی نامەی هاوبەشی دوو دەرهێنەرەکەیان خوێندەوە کە تایبەت بە فێستیڤاڵەکە نووسرابوو.
 
مەریەم موقەدەم و بێهتاش سەناعیها دەرهێنەری فیلمەکەن، ئێران پاسپۆرتی لێسەندوون و رێگەی نەداوە گەشت بۆ بەرلینالە بکەن.
 
پرسیاری رۆژنامەڤانان هۆڵەکەی پڕ دەنگە دەنگ کردبوو، پرسیارەکان زۆربەی لەبارەی بوێری و سەرکێشی دەرهێنەر و ئەکتەرەکان  بوو. 
 
ئیسماعیل میهرابی، ئەکتەری فیلمی 'کێکی دڵخوازی من' لەبارەی دوو ئەکتەرەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر بۆ خۆیان لێرە بان زۆر زۆر دڵخۆش دەبووم، ئێستا زۆر بەداخەوەم کە لێرە نین، خاوەنی فیلم دەرهێنەرەکەیەتی، ئەوەی کە دروستی دەکات و سات بە سات چاودێری بەرهەمهێنانی دەکات".  
 
مەنسوور جیهانی، رۆژنامەڤانی بواری هونەر و سینەما و هاوڕێی دوو دەرهێنەری فیلمەکە بە رووداوی راگەیاند: "سێ رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ بێهتاش قسەم کرد، دەیگوت روحی رەوانم تێکچووە و زۆر خەمگینم و کارە ئاساییەکانی خۆشم پێناکرێت، بەردەوام سینەماکارانی ئێران خۆیان لەو بەربەستانە رزگار کردووە کۆ بۆیان دروست دەبێت".
 
هاوسەرۆکانی فێستیڤاڵی بەرلینالە 10 رۆژ پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە بە فەرمی لە رێگەی راگەیاندراوێکەوە داوای رێگەدان بە هاتنی ئەم دوو دەرهێنەرە بۆ بەرلینالە کردبوو.
 
کارلۆ چاتریان، سەرۆکی فێستیڤاڵی بەرلینالە، بە رووداوی راگەیاند: "هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدەین، وەکو گوتم؛ رێگە بە مەریەم و بێهتاش بدرێت بێنە ئێرە، بۆیە راگەیێندراوەکەمان بڵاوکردەوە و بڕوامان بە ئازادی رادەربڕین هەیە". 
 
بینەران پێشوازییەکی بەرچاویان لە فیلمی 'کێکی دڵخوازی من' کرد کە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فێستیڤاڵە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ورچین زێڕین و ورچی زیوین.