دەرهێنەری فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی کان بۆ رووداو: فیلمەکەم هیچ پەیامێکی نییە

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی "Second Act" لە دەرهێنانی کوانتان دیپیو، دەرهێنەری فەرەنسی، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشادنرا، لە کۆنگریەکی رۆژنامەوانیدا لە کان، دەرهێنەری فیلمەکە رایگەیاند، فیلمەکەی هیچ پەیامێکی نییە و بەختی هەبووە کە وەک فیلمی دەستپێک هەڵبژێردرێت.
 
رێکخەرانی فێستیڤاڵی فیملمی کان، کۆنگریەکی رۆژنامەوانی بۆ ستافی فیلمەکە سازکرد، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی پەیامی پشت فیلمەکەی کە بووەتە هۆی هەڵبژاردنی ئەم بەرهەمە وەک دەستپێکی فێستیڤاڵ، کوێنتن دوپیو، دەرهێنەری فەرەنسی، گوتی: "دیاریکردنی فیلمەکەم وەک دەستپێکی فێستیڤاڵ، بەهەڵبژاردنی خۆم نەبوو، ئەوە تەنیا بەخت بوو. من فیلمێکم دروستکرد و فیلمەکە بۆ کردنەوەی فێستیڤاڵەکە بەکارهێندرا، ئەوە هیچ پەیامێکی تێدا نییە؛ بەڵام من زۆرم پێخۆشبوو چونکە ئەو فیلمە گاڵتە لەگەڵ پیشەسازیی فیلم دروستکردندا دەکات. من گاڵتە لەگەڵ هەموو کەسێک دەکەم، تەنانەت لەگەڵ خۆیشم. من زۆرم پێشخۆشبوو کە ئەم فێستیڤاڵە گەورەیە بە فیلمێک دەستپێدەکات کە بە شێوەیەکی زۆر جوان لەگەڵ پیشەسازیی فیلمدا گاڵتە و گەپ دەکات و کەشێکی خۆش دروستدەکات. ئەمە زۆر جێگەی دڵخۆشیبوو". 
 
گوتیشی: "دووبارە دەتوانم قسەکەی خۆم دووبارە بکەمەوە، هیچ پەیامێک لەکارەکەی مندا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت پشووبدە و چێژی لێوەرگرە. فیلمەکە وەکو گەرماوکردنێکی ئارامبەخشە بەڵام هەندێک ترشەلۆک لەنێو ئاوەکە هەیە؛ بۆ ئەوەی لەم جیهانە پڕ دوودڵییە  کەمێک دڵخۆشت بکات. هەوڵدەدەم لەوە دڵنیاببمەوە کە بینەر بە سوود وەرگرتن لە ئامرازە جیاوازەکانی کۆمیدیا ئاسوودەبێت، کاتێکی خۆش بەسەرببات و چێژی لێوەرگرێت". 
 
رونیشیکردەوە: "ئەگەر فیلمێک تەنیا و تەنیا کۆمیدی بێت ئەوا فیلمێکی زۆر خراپی لێ دەردەچێت؛ فیلم دەبێت هەستی جیاواز لەخۆ بگرێت، بۆ ئەوەی فیلمێکی باشی لێدەرچێت. بمبوورە کە پرسیارەکەتم وەڵام نەدایەوە."
 
77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە 14-25ـی ئایاری 2024 لە شاری کەنار دەریایی کانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، تێیدا پڕۆژەی بەڵگەفیلمێکی کوردی درێژ بەناوی "من و دایکم" لە دەرهێنانی دڵپاک مەجید، لە فێستیڤاڵەکەیە و تۆڕی میدیایی رووداو، بەرهەمهێنەری هاوبەشی پڕۆژەکەیە.