شارەوانیی بۆکان بە میوزیکی فۆلکلۆر پێشوازی لە نەورۆز دەکات
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی بۆکان ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش چەند پرۆژەیەکی راگەیاندووە، لەوانە بڵاوکردنەوەی میوزیکی فۆلکلۆر لەسەر شەقامە گشتییەکان، رازاندنەوە و جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوازی لە هاوینەهەواری ناڵەشکێنە.
رۆژی (چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025) بە فەرمانی سەرۆکی شارەوانیی بۆکان، پرۆسەی دانان و چالاککردنی سیستمی دەنگی لە شەقامە سەرەکییەکانی بۆکان بۆ بڵاوکردنەوەی میوزیکی فۆلکلۆری دەستیپێکرد.
ئەمیر ئەحمەدی، سەرۆکی شارەوانیی بۆکان رایگەیاند، پرۆژەکە لە قۆناخی یەکەمدا لە شەقامەکانی شۆڕش و کوردستان جێبەجێ دەکرێت و لە داهاتوودا فراوانتر دەکرێت.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی بۆکان، "ئامانجی شارەوانی لەم دەستپێشخەرییە، پەخشکردنی میوزیکی فۆلکلۆر، هەرێمی و نەریتییە، کە رەگ و ریشەی لە داب و نەریتی ناوچەکەدا هەیە و بە مەبەستی زیادکردنی زیندوویی کۆمەڵایەتی دەکرێ."
هاوکات شارەوانیی بۆکان بەنیازە چەندین پرۆژەی خزمەتگوازی لە گردی ناڵەشکێنەش جێبەجێ بکات.
بەپێی راگەیێندراوی شارەوانییەکە، بڕیارە تاوەکو سەری ساڵی نوێ، رێگەیەکی نوێ بەرەو هاوینەهەوارەکە دروست بکرێت، هەروەها چاندنی 10 هەزار نەمام، دروستکردنی حەوزێک بۆ کۆگەکردنی ئاو، دابینکردنی کارەبا و رووناکی، دروستکردنی گۆڕەپانێک و چەندین پرۆژەی دیکەی خزمەتگوازی لەو پرۆژانەن کە شارەوانی دەیەوێت لەو گردە جێبەجێیان بکات.
سەرۆکی شارەوانیی بۆکان لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیکەی شارەوانییەکە، سەردانی گردی ناڵەشکێنەیان کرد و لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێکردنی پرۆژەکان و ئامادەکردنی گردەکە بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێیان کرد.
ئەمیر ئەحمەدی، سەرۆکی شارەوانیی بۆکان لەو سەردانەدا جەختی لە ئامادەکردنی هاوینەهەواری ناڵەشکێنە بە زووترین کات بۆ پێشوازیکردن لە نەورۆز و سەری ساڵ کردەوە.