رۆمانەکانی رۆماننووسێکی کورد لە دیاسپۆرا پڕخوێنەرترینن


رووداو دیجیتاڵ

رۆمانی "خانەقای میرزا" لەلایەن ناوەندی وەشانی کەپرەوە بڵاوکرایەوە. میران ئەبراهام، نووسەری رۆمانەکەیە و ئەوە چوارەم رۆمانییەتی بڵاودەکرێتەوە و یەکێکە لەو رۆمانانەی زۆرترین خوێنەریان لە دیاسپۆرادا هەیە.
 
میران ئەبراهامی رۆماننووس میوانی بەرنامەی دیاسپۆرابوو. لەبارەی رۆمانەکەیەوە گوتی، "میرزا ئەو کەسانەن کە نەیانتوانیوە خوێندن لە حوجرە و تەکیەکان تەواوبکەن، بەڵام من بەدوای ئەو کەسایەتییانەدا گەڕاوم کە لەو تەکیە و حوجرانەوە هاتوون و کاریگەرییان بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە هەبووە."
 
رۆماننووسە کوردەکە دەڵێت، "لە رۆمانەکەمدا لە ساڵی 1935ـەوە دەستپێدەکەم، کاتێک کورد لە باشووری کوردستان دەیەوێ بەهێزبێت و ئینگلیزەکانیش دەسەڵاتیان کەمتر دەبێتەوە، لەو کاتەکدا لە کوردستان دوو رەوت دروست دەبن کە رەوتی چەپ و رەوتی نەتەوەییەکانن و دەمەوێ بە نەوەی ئیستا بڵێم کێ بوون ئەو رەوتانەیان دروستکرد و هەروەها باسی هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق دەکەم و چۆن کورد بەشداریی تێدا کردووە، دواتر چۆن لە ساڵی 1954 بەرەی نیشتمانی بەشداری کرد". 
 
ناوەندی کەپر چوارەمین رۆمانی "خانەقای میرزا" بڵاودەکاتەوە کە لە ئەوروپاش مافی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە و هەر کەسێک بیەوێ یان داوای بکات دەتوانێت لە رێگەی وەشانی کەپر دەستیان دەکەوێت.