رووسیا ناوی ئەستێرەیەکی میوزیک و نووسەرێکی دەخاتە لیستی "بەکرێگیراوەکان"ـەوە
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا ناوی ئۆکسیمیرۆن، ئەستێرەی میوزیکی پۆپ و دیمیتری گلۆخۆڤسکی، نووسەری ناسراوی ئەو وڵاتەی خستە لیستی "بەکرێگیراوانی وڵاتانی بیانی"ـەوە، کە لە لایەن گوتەبێژی وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە و ژمارەیەک کەسایەتیی دیاری رووسی لەخۆدەگرێت.
میرۆن فیودۆرۆڤی تەمەن 37 ساڵ کە بە ناسنای ئۆکسیمیرۆن ناسراوە، لە کۆتایی مانگی شوبات لە ڤیدیۆیێکدا رایگەیاند "من دژی جەنگی رووسیامە بۆ سەر ئۆکراینا" و شەڕەکەی بە "کارەسات و تاوان" ناوبرد.
هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبووی "نا بۆ جەنگ".
ئۆکسیمیرۆن کە لە نێو چینی گەنجاندا ژمارەیەکی زۆری هەواداری هەیە، لە ئینستگرام 2.1 ملیۆن شوێنکەوتووی هەیە.
هاوکات سزای 10 ساڵ بەندکردن بۆ دیمیتری گلۆخۆڤسکی، نووسەری تەمەن 43 ساڵ دەرکراوە، ئەوەش بەهۆی رەخنەگرتنی لە سوپای رووسیا دوای هێرشکردنە سەر ئۆکراینا.
پێشتریش ئەو نووسەر داوای لە حکومەتی رووسیا کردبوو هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا بوەستێنێت.
وەزارەتی نێوخۆی رووسیا، سەرەتای مانگی حوزەیران، ناوی نووسەرەکەی کە گومان دەکرێت لە دەرەوەی وڵات بێت، خستە لیستی داواکارانەوە.