هۆزان جانێ: دادگاییکردنی جانێ حەیران بۆ مانگی داهاتوو دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند هۆزان جانێ، بۆ چەند پڕۆژە و کارێکی هونەری و ئامادەبوون لە دادگە، ئێستا لە کوردستانە و دەڵێت، دۆسییەی دادگاییکردنی جانی حەیران لە هەمبەر بەکارهێنانی ناو و هونەرەکەی، بۆ مانگی داهاتوو دواخرا.
هۆزان جانێ کە خەڵکی باکووری کوردستانە و لە ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات، بە رووداوی راگەیاند، سەردانی ئەمجارەی بۆ باشووری کوردستان بۆ چەند کارێکی هونەری و کلیپکردنی چەند گۆرانییەکە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەو سەردانەیدا لە دانیشتنی دادگەی تایبەت بە دۆسییەی بەکارهێنانی ناو و هونەرەکەی لەلایەن جانێ حەیرانەوە ئامادەبوو، بەڵام بەهۆی ئامادە نەبوونی دوو هونەرمەند لە دانیشتنەکە بۆ خەملاندن و قەرەبووکردنەوەی، دانیشتنی دادگە بۆ 22 مانگی داهاتوو.
هۆزان جانێ، پێشتر سکاڵای لە دژی گۆرانیبیژ جانێ حەیران تۆمارکردبوو کە ناو و هونەرەکەی بەکارهێناوە، بەهۆیەوە دەستگیرکرا و ئێستا لە زیندانە و بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە و سکاڵایەکی دیکەی لەسەرە بۆ قەرەبووکردنەوەی هونەرمەند هۆزان جانێ.