لارا دزەیی کۆلێکشنی جلوبەرگی کوردیی لە پاریس نمایشکرد و ئامادەبووانی سەرسام کرد

رووداو پاریس
 
لارا دزەیی، زۆر دەمێک بوو چاوەڕێی هاتنی رۆژێک بوو لە پاریس لەسەر سەکۆی هەفتە نمایشی جلوبەرگ، دیزایینە کوردییەکانی نمایش بکات و، لەکۆتاییدا خەونەکەی هێنایەدی. 
 
سەرپێچ، کۆڵوانە، ملوانکە و بازن، هەموو ئەوانەی دەبێت لەگەڵ رەنگ و دیزایینەکانی زۆر بە سەلیقەوە رێکبخات. "جلوبەرگی کوردەواری بە زێڕ و زیوەوە جوانە؛ ئەو وردەکارییانە هەموو  تەواوکەری یەکترن"، لارا وادەڵێت، باسی ئەوەش دەکات ماوەی مانگێکە بەتەواوی نەخەوتووە "چونکە زۆر سەرقاڵی ئەو دی
زایینانەم، سەرقاڵی هەڵبژاردنی مۆدێلەکانم، بەڵام وابزانم هەموویان جوانن"

 

 
هۆڵی هەفتە نمایشی پاریس، پڕبوو و هەموو ئامادەبووان چاوەڕێی نمایشەکەی لارا دزەیی بوون، کە بە میوزیکی باوکی، هونەرمەند هۆمەر دزەیی، یەکەم نمایشی کۆمەڵە دیزایینی لارا دەستیپێکرد.
  
کۆمەڵە دیزایینی خەون، ئاگر و زەریا، هەریەکەیان بە میوزیکی تایبەت نمایش کران، نمایشکاران هەموو ئەوروپی و بە شێوازێکی تایبەت دیزانەکانی لاریان پێشکێش کرد، وەک خۆی بەمجۆرە خەونەکەی هاتە دی. 

 

 
لارا دەڵێ "خەونەکەم هاتەدی، بەڕاستی دڵخۆشم کە کولتووری کوردەواری و دیزایینە رەنگینەکەمان گەیشتە سەر شانۆی جیهانی و بەشداربووم لە هەفتەی نمایشی پاریس. زۆر زۆر دڵخۆشم. بە دڵێکی پر لە خۆشەویستی و هیواوە دیزایینم کردن تاوەکو بگاتە ئەو ئاستەی جیهانی کە ئەمڕۆ پێی گەیشت و هەموو جیهان رەنگی کولتوورەکەمانی لەسەر ئەم شانۆیە (بینی). بەڕاستی لەوانەیە ئەم رۆژە لەبیر نەکەم".
 
بۆ پشتیوانیی لارا، دایک و باوکی ئامادەی نماشەکە بوون، هەرچەندە باوکی حەزی دەکرد لارا وەکو خۆی گۆرانی بڵێت، بەڵام دەڵێ لارا هونەرمەندە و هەرچی بکات، جوان دەیکات. 

 

 
هومەر دزەیی باوکی لارا بە هەستێکی باوکانەی پڕ لە شانازییەوە باسی کچەکەی دەکات و دەڵێ "راستیەکەی لارا خۆی هونەرمەندە، هەر لە منداڵییەوە هەستم پێکردووە، لارا هونەرمەندە. جگەلەوە دەنگیشی زۆر خۆشە، هەرچەندە من حەزم دەکرد لارا وەکو خۆم گۆرانیش بڵێت و ببێت بە گۆرانیبێژ".
 
هۆمەر دزەیی هەروەها دەڵێ "کارەکانی لارام هەموو پێ جوانن، چونکە خۆی خاوەنی هەستێکی زۆر ناسکە و، بەڕاستی دەزانێت چی هەڵبژێرێت، بەڕاستی هیچ شتێکی لارا نییە کە من حەزم لێ نەبێت". 

 

 
رەنگی قوماش و رێکخستنی دیزایینی جلە کوردییەکان بەوجۆرە، میوان و دیزایینەرە جیهانییەکانیانی سەرسامکردبوو.
 
ئیلیزابێت ڤیسەڤانسکا، بەرپرسی نمایشی جلوبەرگی رۆژهەڵات لە هەفتە نمایشی پاریس دەڵێ "پێم وایە لارا دزەیی ئاییندەیەکی گەشی هەیە، چونکە دیزایینەکانی بەڕاستی ئەوانەن کە خەڵک دەیانەوێت بیبینن، ئەمە مانای وایە ئەو ژنە زۆر بەهێزە، هەموومان دەزانین کە ژنانی کورد لەڕادەبەدەر جوان و بەهێزن و پاریس بەڕاستی کۆلێکشنەکەی خۆشویست".

 

 
لەبارەی کارکردن لە جلوبەرگی کوردی و وردەکارییەکانی، بەرپرسی نمایشی جلوبەرگی رۆژهەڵات لە هەفتە نمایشی پاریس دەڵێ "جلوبەرگی کوردی بە نەریت و هەموو کاری چنین و کاری دەستییەوە ئەوەندە جوان و دەوڵەمەندە، دڵنیام گەشاوەترین ئاییندەی لەپێشە". 
 
کارکردنی بەردەوامی لارا دزەیی بەم دیزایینە ناوازانەوەوە وەک ئامادەبووانی فاشن شۆی پاریس باسیان کرد، "وا دەکات لەسەر ئاستی جیهانیدا ببێتە براند و بتوانێت لە جیهاندا بەگشتی نماشی کارەکانی بکات".