شانۆگەریی 'داگیرکردنی تاریکی' لەسەر سەکۆی شانۆکانی ئەڵمانیایە
رووداو دیجیتاڵ
"داگیرکردنی تاریکی" ناوی یەکێک لە رۆمانەکانی بەختیار عەلییە. زۆر لەوانەی خوێنەری جددین پەسنی ئەو رۆمانە دەکەن.
دەرهێنەری شانۆگەرییەکە ئیحسان ئۆسمانە، دوو کوردیش وەک ئەکتەر بەشداریی شانۆگەرییەکەن کە یەکێکیان کەڤاڵ سدقی، وەرگێڕی سکریپتەکەیە و رۆڵی لە شانۆگەرییەکەدا هەیە و ئەوی دیکەیان فەرهاد کەسکینە، ئەکتەری ناسراو و بەشدار لە شانۆگەرییەکە.
فەرهاد کەسکین کە زیاتر لە 40 ساڵە ئەڵمانیا دەژی، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو، لەبارەی کاری خۆی لە شانۆگەرییەکەدا گوتی، "ماوەیەکی درێژە لە ئەڵمانیا کاری شانۆ دەکەم و لە شانۆگەری و فیلمی ئەڵمانیا کارمکردووە، بەڵام هەمیشە دڵم لای هونەری کوردی بووە و حەزم کردووە خزمەتی هونەرەکەم بکەم لێرە، بۆیە هەمیشە هەوڵمداوە بەشداری لە شانۆگەریی کوردیدا بکەم".
فەرهاد کەسکین لەبارەی بەشداریکردنی لە "شانۆگەریی داگیرکردنی تاریکی" دەڵێت، "دەرفتێکی زێڕین بوو کە بتوانم بەشداری لەو شانۆگەرییەدا بکەم، بەتایبەتی دوای ئەوەی زانیم تێکستی شانۆگەرییەکە هی رۆمانێکی بەختیار عەلییە، لەکاتێکدا بەختیار عەلی ناوێکی ناسراوە لە فەرهەنگی ئەڵمانیا و کەسانێکی زۆر لە ئەڵمانیا رۆمانەکانی ئەو بە زمانی ئەڵمانی دەخوێننەوە."
کەڤاڵ سدقی کە دووەم ئەکتەری کوردە لە شانۆگەرییەکە و نووسەری تێکستی سانۆگەرییەکەشە بە زمانی ئەڵمانی و لە رێگەی سکایپ میوانی دیاسپۆرابوو و، باسی لەوەش کرد، "تێکستی شانۆگەرییەکەم لە رۆمانێکی بەختیار عەلی وەرگرتووە، شانۆگەرییەکە بە زمانی ئەڵمانی پێشکێش دەکرێت."
کەڤاڵ سدقی گوتیشی، "جگە لە بەرلین؛ بە هەوڵی مامۆستا ئیحسان، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە لە چەندین شاری دیکەی ئەڵمانیا نمایش دەکرێت و هەروەها لە ئێران و بەغداش نمایش دەکرێت و دەمانەوێ لە تورکیاش نمایشی بکەین، بەگشتی دڵنیام لە چەندین وڵاتی جیاواز نمایش بکرێت".