دووەمین کۆنسێرتی ماڵی زەهای لە قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو دووەمین کۆنسێرتی ماڵی زەهای لە هەولێر بەڕێوچوو، هەردوو گرووپی دەفژەنانی سەرمەست بە سەرپەرشتیی عەسەل مەلەکزادە، دەفژەنی ئێرانی و گرووپی میوزیکی باشووری کوردستان بە سەرپەرشتیی هەژار زەهاوی، ژەنیاری دەف و سەرۆکی ماڵی میوزیکی زەهاوی بەڕێوەچوو و، هەر گرووپێک و بەرهەمی خۆی پێشکێشکرد.
هەژار زەهاوی، سەرۆکی ماڵی میوزیکی زەهاوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دڵی کۆنسێرتەکە دەف بوو و، لە دەستی پیاو چۆنە و لە دەستی ژن چۆنە کە لە بواری جێندەردا یەکسانە، لە هەمانکاتیشدا من زۆر فۆکەسم لەسەر ئەوە بوو کە دەف مەرج نییە تۆ کورد بیت، دەتوانی عەرب بیت، تورک بیت، فارس بیت، ئەرجەنتینی بیت، ئەفریقی یان ئەفغانی بیت."
گرووپێکی دیکە گرووپی سەرمەد بوو کە لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە چووبوونە قەڵای هەولێر بۆ بەشداریکردن لە کۆنسێرتەکە، گرووپە لە 90 کچ و ژن پێکدێن، بەڵام تەنیا 10 کەسیان بەشدار بوون.
ئسیل مەلیکزادە، سەرۆکی گرووپی سەرمەت بە رووداوی گوت: "دڵخۆشم کە لە ئێرانەوە هاتوومەتە ئێرە و لەگەڵ گرووپەکەمان لێرە ئامادەین، ئەم کۆنسێرتە بۆ ئێمە شتێکی زۆر جیاواز بوو کە دڵی ئەم خەڵکەمان خۆشکرد، بەڕاستی ئێمە لە زۆر کۆنسێرت ئامادە بووین، بەڵام ئەمە جیاواز بوو، من بۆخۆم کورد نیم، بەڵام ئاشقی خەڵکی کوردستانم."
کۆنسێرتەکە تایبەت بوو بە دەفژەنین، وەکو ئادەبووان باسی دەکەن، تایبەتمەندیی کۆنسێرتەکە لەوەدا بوو کە میوزیکی دوو وڵات تێکەڵ بەیەک کران.
ئەنیم تۆماس، میوزیکژەن دەڵێت: "من خۆم گیتار و عود دەژەنم، بەڵام هاوڕێکەم پێی گوتم کە کۆنسێرتێکی تایبەت بە دەفژەنی هەیە، بۆیە منیش ویستم کە ئامادەبم، بەڕاستی بینینی دوو گرووپی جیا بەیەکەوە شتێکی سەرنجڕاکێش بوو و، من زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم میوزیکی ئێران و عێراقی بەیەکەوە کۆکرابووەوە."
دڵیاشا سمێس، بەشداربوویەکی کۆنسێرتەکە ئاماژە بەوە دەکات: "کۆنسێرتێکی خۆش بوو و، زۆر دڵخۆش بووم کە گوێم لە میوزیکی کوردستان گرت، هەروەها بینینی میوزیکی وڵاتانی دیکەش شتێکی سەرنجڕاکێش بوو."
هەژار زەهاوی و عەسەل مەلیکزاد، لە 2018 بەرهەمێکی دوێتیان بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە کە لە ئیتاڵیا و کۆپییەکی دیکەی لە تورکیا وێنەگیراوە و یەکەم بەرهەمی دوێتی دەفە لەنێوان هونەرمەندی ژن و پیاودا و کاری هاوبەشی ئەمجارەیان لە کۆنسێرتی ماڵی میوزیکی زەهاوی بوو.
هەژار زەهاوی لە 4ـی تشرینی دووەمی 2021، لەڕێگەی کۆنسێرتێکەوە و بە بەشداریی هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان، ماڵی میوزیکیی زەهاوی راگەیاند.