لە عێراق زیاتر لە 927 هەزار خێزانی 'ناشایستە' لە لیستی مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەرهێنران


رووداو دیجیتاڵ 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 927 هەزار و 526 خێزانیان لە لیستی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەرهێناوە کە سێ مانگ لەمەوبەر داواکارییان بۆ وەرگرتنی مووچە لەکۆی 2 ملیۆن و 700 هەزار خێزان پێشکێکش کردبوو. دەشڵێت، "ملیۆنێک و 670 خێزان لە عێراق مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن."
 
رۆژی شەممە، 31-12-2022، نەجم عوقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لەبارەی بڕینی مووچەی ئەو کەسانەی مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن و شایستەنین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو خێزانانەی لە سیستمی وەرگرتنی مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەرهێنراون، ئەوانەبوون کە شایستەنین و مەرجەکان نایانگرێتەوە، چونکە ئەو خێزانانە مووچەی دیکە لە دەوڵەت وەردەگرن، وەک مووچەی خانەنشینی و مووچەی دیکە، بۆیە مووچەکانیان دەبڕدرێت و لە سیستمەکەش دەردەکرێن." 
 
نەجم عوقابی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "تۆڕەکە بۆ ئەو کەسانەیە کە هیچ مووچەیەکی دیکە وەرناگرن و کەمدەرامەتن. مووچەکە لەنێوان 125 بۆ 325 هەزار دینارە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق باسی لەوەشکرد، بەردەوامدەبن لە دەرهێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە لە سیستمی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی مووچە وەردەگرن و شایستەنین، ئەو پارەیەی لە دەرهێنانی ئەو 927 هەزار خێزانە دەمێنێتەوە کە مانگانە 14 ملیار دەکات، پێشتر دەگەڕێنرایەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، بەڵام ئێستا دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارە پارەکە بگەڕێنرێتەوە بۆ سندووقی پاراستنی کۆمەڵایەتی.