ئەپیکور: زیانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 19 ملیار دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 19 ملیار دۆلار زیانی بۆ عێراق هەبووە.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت چاوەڕێی "پێشنیاز" و رۆڵی "سەرکردایەتی"ـی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت.
لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 16:00ـی رووداو، کە محەممەد عیزەددین پێشكێشی کرد، کاگینز ئاماژەی بەوە کرد، کۆمەڵەکەیان لە هەشت کۆمپانیای بیانی پێکدێت، "لە هاوئاهەنگیی نزیکدایە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامەنە سرووشتیەکان،" گوتیشی دەیانەوێت بە "زووترین کات" نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق- تورکیاوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکەنەوە.
لە ئاداری پارەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدڕالیی عێراقدا، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
کاگینز بە رووداوی راگەیاند، لەو کاتەوە "زیاتر لە 19 ملیار دۆلار زیان بە هەموو خەڵکی عێراق گەیشتووە."
وێڕای چەندین گەڕی گفتوگۆی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا، ناکۆکییەکان چارەسەرنەکراون و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش بەشی هەرە زۆری بەرهەمهێنانیان راگرتووە.
بەغدا و ئەنقەرە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکە رازیبوون. بەڵام بەغدا و کۆمپانیاکانی ئەپیکور لەگەڵ نێوەڕۆکی گرێبەستەکانی بەشکردنی داهاتی نەوت ناکۆکن کە ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆیان کردوون.
بەغدا داوا دەکات گرێبەستی نوێ بکرێت و تێیدا ئەو پارەیەی وەک تێچووی بەرهەمهێنان بە کۆمپانیاکان دەدرێت کەمبکرێتەوە و نزیک بێت لەوەی لە باشووری وڵاتەکە بە کۆمپانیاکانی دیکە دەدرێت، بەڵام ئەپیکور دەڵێت، بەهۆی سرووشتی شاخاویی هەرێمی کوردستان، ناکرێت تێچووی بەرهەمهێنانەکە کەمبکرێتەوە.
ئەپیکور هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات یەک ملیار دۆلار قەرزی بەرهەمهێنانی نەوتی نێوان ئەیلوولی 2022 و ئاداری 2023ـی پێ بداتەوە.
کاگینز بە رووداوی گوت: دەمانەوێت گفتوگۆ لەسەر هەموارکردنی گرێبەستەکان بکەین. هەر هەموارێکیش لەو گرێبەستانەدا بکرێت، پێویستە دڵنیایی و گەرەنتیی تێدابێت بۆ دانەوەی قەرەزە کۆنەکانمان، هەروەها گەرەنتیشی تێدابێت بۆ ئەوەی کە چۆن پارەی داهاتوومان پێدەدرێت."
کۆمپانیاکانی ئەپیکور داوادەکەن پارەی فرۆشتنی نەوتیان "راستەوخۆ پێ بدرێت.
کاگینز روونیکردەوە "کاتێک کۆمپانیاکان نەوت بەرهەمدێنن و لە رێگەی بۆرییەوە دەنێردرێتە بەندەری جەیهان، هەرکە نەوتەکەمان لە بەندەرەکە بە کڕیاران فرۆشت، دەمانەوێت پارەکە وەربگرین. پڕۆسەی پێشوو پەیوەندیی بە سووڕی بودجەوە هەبوو، واتە دەبوو چاوەڕێی تەرخانکردن و یەکلاکردنەوەی بودجە بین لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە هەندێ جار ئەمە دەکەوتە نێو پرسە سیاسییەکانەوە. بۆیە ئێمە هەوڵی بەدەستهێنانی گەرەنتیی پارەدانەکە دەدەین. هەر گۆڕانێک لە گرێبەستەکاندا بکرێت، پێویستە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیشەوە رەزامەندیی لەسەر بدرێت."
ئەو بەشە نەوتەی ئەپیکور لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەیفرۆشێت، بە گوتەی گوتەبێژەکە، نرخەکەی نزیکەی 35 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، "بەراورد بەو نەوتەی لە بازاڕی جیهانیدا دەفرۆشرێت، کە نرخەکەی نزیکەی 80 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک."
لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانەوە، کاگینز ئاماژەی بە لێکۆڵینەوەیەکی کۆمپانیای وردبینکاریی دیلۆیت کرد کە دەریدەخات "تێکڕای بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 20 دۆلارە."
ئەوە لەکاتێکدایە لە کێڵگەکانی دەشت و بیابانەکانی عێراق، تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت، 2.16 دۆلارە.
کاگینز جەختیکردەوە کە دەبێت بەغدا لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا رۆڵی سەرکردە بگێڕێت.
گوتەبێژەکە گوتی "ئەوەی ئێمە لە بەغدا داوای دەکەین، ئەوەیە بەغدا سەرکردایەتیی [چارەسەرکردنی] ئەم پرسە بکات. هەروەها دەمانەوێت بەغدا ئەو بەڵێنانە بەجێبگەیێنێت کە لەماوەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران [محەممەد شياع] سوودانی لەگەڵ سەرۆک [جۆ] بایدن لە کۆشکی سپی دران. هەردوو سەرکردەکە گوتیان، کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق و تورکیا، کارێکی لەپێشینەیە. ئەوە سێ مانگ لەمەوبەر بوو، بۆیە ئێستا چاوەڕێی سەکردایەتیی بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی ئەو پێشنیازانە بێنێتە سەر مێزە کە کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانن پێی رازی بن."
ئەو نەوتەی لەلایەن کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور بەرهەمدەهێنرێت، "هەمووی لە نێوخۆ دەفرۆشرێت بە پاڵاوگە نێوخۆییەکان بۆ ئەوەی لە لایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە بەکارببردرێت یان بۆ مەبەستی دیکە بەکاربهێنرێت."